دەستپاکی عێراق رێگری لە بەفیڕۆچوونی 34 ملیار دینار دەکات
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە رێگری لە بەفیڕۆدانی زیاتر لە 34 ملیار دینار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی دەوڵەت لە ئەنبار بکەن.
سەبارەت بەم کەیسە، دەستەکە روونیکردەوە، تیمێکی لێکۆڵینەوە لە نووسینگەی ئەنباری سەر بە دەستەکە، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لە لقی ئەنباری بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی دەوڵەت، بۆیان دەرکەوتووە سەرپێچی لە مەزەندەکردنی نرخی موڵکێک کراوە. موڵکەکە رووبەرەکەی زیاتر لە 136 دۆنم و سەرەڕای ئەوەی دەکەوێتە شوێنێکی ستراتیژی لەسەر رووباری فورات، بەڵام بە نرخێکی کەم مەزەندە کراوە کە لەگەڵ بەهای راستەقینەی خۆیدا ناگونجێت، هاوکات سەرپێچی لە رێکارەکانی راگەیاندنی مەزادەکەشدا هەبووە.
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی دەستەکە، بەڕێوەبەرایەتییەکە نرخی موڵکەکەی بە 3 ملیار و 129 ملیۆن و 840 هەزار دینار دیاریکردووە، واتە هەر دۆنمێکی بە 23 ملیۆن دینار خەمڵاندووە. تیمی لێکۆڵینەوە بۆ بەراوردکردنی نرخی موڵکە هاوشێوەکان سەردانی چەند نووسینگەیەکی خانووبەرەی لە رەمادی کردووە، دەرکەوتووە نرخی هەر دۆنمێکیان نزیکەی 300 ملیۆن دینارە و بەهای گشتیی موڵکەکە 37 ملیار و 422 ملیۆن دینارە. بەمەش جیاوازیی نێوان هەردوو نرخەکە کە دەبێتە بڕی بەفیڕۆچوونی گشتی، 34 ملیار و 292 ملیۆن و 160 هەزار دینارە.
دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی نەزاهە لە ئەنبار بڕیاریدا رێکارەکانی مەزادی ئاشکرا بۆ موڵکەکە رابگیرێن. هەروەها بڕیاردرا لێکۆڵینەوەکان بەردەوام بن و بەڵگەنامەکان بۆ بەشی وردبینیی دەرەکی رەوانە بکرێن، تاوەکو پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و سەرپێچییەکان دەستنیشان بکرێن، لەگەڵ وەرگرتنی وتەی نوێنەرانی یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی دەوڵەت و بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانووبەرە لە ئەنبار.