ڤایرۆسی وەرزی لە نێو منداڵانی دهۆک بڵاوبووەتەوە
بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و نزیکبوونەوەی وەرزی پاییز، نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان لە نێو منداڵانی پارێزگای دهۆک بڵاوبوونەتەوە و رۆژانە سەدان منداڵ بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی "هیڤی" دەکەن، هاوکات بەرپرسانی تەندروستیش رێنمایی دەدەنە باوان تاوەکوو منداڵەکانیان لە سەرما بپارێزن.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی وەرزی وای کردووە جەنجاڵییەکی زۆر لە نەخۆشخانەی "هیڤی"ـی تایبەت بە منداڵان لە دهۆک دروست ببێت. پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بەردەوامن لە پشکنین و پێدانی چارەسەر بە نەخۆشەکان.
بەپێی ئامارەکان رۆژانە نزیکەی 200 منداڵ دەهێنرێنە نەخۆشخانەکە و لەو ژمارەیەش 10 بۆ 15 نەخۆش پێویستیان بە خەواندن دەبێت.
روناهی رەشید، دایکی یەکێک لە منداڵە نەخۆشەکانە و لە لێدوانێکدا بۆ بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24 گوتی، "سەرەتا زۆر نیگەران بووین، بەڵام پزیشکان لێرە زۆر هاوکارییان کردین و ئێستا رەوشی تەندروستیی منداڵەکەم باشترە".
لەلایەکی دیکەوە د. رێزان بامەرنی، پزیشکی تایبەتمەندی منداڵان، باسی لە هۆکارەکانی نەخۆشییەکە کرد و گوتی، "گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکییە، پێویستە دایک و باوک پاکوخاوێنیی منداڵەکانیان رابگرن و بەردەوام بیانپارێزن".
هاوکات د. نزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیڤی، لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە و پێشوازیکردن لە نەخۆشەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "رۆژانە پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆری منداڵان دەکەین، تیمەکانمان بە باشترین شێوە خزمەتگوزاریی پزیشکی پێشکەش دەکەن و ئامادەیین بۆ وەرگرتنی هەموو دۆخێکی لەناکاو".
نەخۆشخانەی هیڤی فێرکاریی منداڵان، تەنیا نەخۆشخانەی تایبەت بە منداڵانە لە سنووری پارێزگای دهۆک. ئەو نەخۆشخانەیە خاوەنی 200 تەختی نەخۆشە و ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار منداڵ بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی دەکەن.
نەخۆشخانەکە بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لەسەر ئاستی پارێزگاکە و دەوروبەری، هەروەها رۆڵێکی دیاری هەیە لە چارەسەرکردنی ئەو ڤایرۆس و نەخۆشییانەی رووبەڕووی منداڵان دەبنەوە.
سەرباری پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی، یەکەیەکی چاودێریی چڕی تایبەت بە منداڵانی تازە لەدایکبووی تێدایە بۆ رزگارکردنی گیانی ئەو منداڵانەی پێویستیان بە چاودێریی ورد هەیە.