توێژینەوەیەک: قاوەی سادە مەترسیی جەڵتە و نەخۆشیی دڵ کەمدەکاتەوە

توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، خواردنەوەی قاوەی سادە بەبێ زیادکردنی شەکر و شیر، سوودێکی زۆری بۆ تەندروستیی دڵ هەیە و مەترسییەکانی تووشبوون بە شەکرە، جەڵتەی مێشک و سستبوونی دڵ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.

بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە و رۆژنامەی "دەیلی مەیل" ئاماژەی پێداوە، توێژەرانی ئەمریکی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە خواردنەوەی قاوە بەبێ شەکر، تام یان شیر، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو، نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک و ناڕێکیی لێدانی دڵەوە هەیە.

توێژەران دەڵێن، هۆکاری ئەم کاریگەرییە پارێزەرییەی قاوە بۆ بوونی پێکهاتەی "پۆلیفینۆڵ" دەگەڕێتەوە کە ماددەیەکی دژە هەوکردنە و لە ناو دەنکە قاوەکاندا هەیە. ئەم پێکهاتانە کە دەوڵەمەندن بە دژە ئۆکسان، دەبنە هۆی پاراستنی جەستە لە ماددە زیانبەخشەکان و باشترکردنی کاری خوێنبەرەکان، هەروەها هەوکردنەکان کە هۆکارێکی سەرەکین بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک شێرپەنجە، کەم دەکەنەوە.

سەبارەت بە کاریگەریی کافایین، دکتۆر گریگۆری مارکوس، سەرۆکی بەشی نەخۆشییەکانی دڵ لە زانکۆی کالیفۆرنیا رایگەیاند، بۆ زۆربەی کەسانی پێگەیشتوو، خواردنەوەی تا 400 میلیگرام کافایین لە رۆژێکدا (کە نزیکەی 5 کوپ قاوە دەکات) بەبێ شەکر، کارێکی سەلامەتە و مەترسییەکانی سەر دڵ زیاد ناکات.

بەڵام ئەو پزیشکە هۆشداری دەدات لەوەی کە وەرگرتنی رێژەیەکی زۆر لە کافایین، بەتایبەت لە رێگەی خواردنەوە وزەبەخشەکانەوە، رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی پەستانی خوێن و ناڕێکی لە لێدانی دڵ، تەنانەت لە کەسانی تەندروستیشدا مەترسیی وەستانی دڵ دروست بکات.

ئەم توێژینەوەیە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی گرنگ دەکات لە تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانی قاوە لەسەر پەستانی خوێن و کۆلیستڕۆڵ. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە خواردنەوەی نزیکەی 5 کوپ قاوە لە رۆژێکدا، نەک هەر زیانی نییە، بەڵکو مەترسیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن کەمدەکاتەوە، کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدان لە جیهاندا.