ئیسماعیل بەقایی: خوێندنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جەنگ هەڵە و مەترسیدارە
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، فەلسەفەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگی نێوان زلهێزەکاندا، لێکدانەوەیەکی هەڵە و مەترسیدارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی لە پلاتفۆڕمی ئێکس، لە وەڵامی لێدوانەکانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئەدای رێکخراوەکە کە رایگەیاندبوو، پێیوایە نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگریکردن لە جەنگی نێوان زلهێزەکان سەرکەوتوو بووە.
بەقایی لەو بارەیەوە نووسیویەتی "داگ هەمەرشۆڵد جارێک هۆشداری دابوو کە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان نەبێتە ئامێرێک بۆ بەستنی کۆنفرانسی بێگیان کە خزمەتی دیپلۆماسیی زلهێزەکان بکات، بەڵکو دەبێت ئامرازێکی دینامیکی بێت بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی بچووک."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، هەمەرشۆڵد هەموو ماوەی دەسەڵاتی خۆی بۆ داکۆکیکردن لەو باوەڕە و پێداگری لەسەر پەرەپێدانی تەرخانکردبوو.
بەقایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند "ئەمڕۆ وادەردەکەوێت سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی رێکخراوەکەی کورتکردبێتەوە بۆ رێگریکردن لە جەنگی نێوان زلهێزەکان، ئەم خوێندنەوە کورتکراوەیە لە یەک کاتدا هەڵە و مەترسیدارە."
بە گوتەی بەقایی، ئەو تێگەیشتنە بۆ بڕگەی چوارەمی ماددەی دووەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرینەی ئەندامانی رێکخراوەکە بێبایەخ دەکات و پاساو بۆ هەر جەنگێک دەهێنێتەوە، هەروەها بنەما و ئامانجە سەرەکییەکانی پەیامننامەکە لە واتاکانیان بەتاڵ دەکاتەوە.
جەختیشیکردەوە، ئەم دۆخە شەرعییەتی ساختە دەبەخشێتە ئەو تاوانانەی زلهێزەکان لە کاتی دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتانی دیکە دەیکەن.
ئاماژەی بەوەش دا "بەپێی ئەو پێوەرە، جەنگ و تاوانەکانی کۆریا، ڤێتنام، کۆنگۆ، عێراق، ئەفغانستان، یەمەن، سوودان و غەزە، هەموویان بە سەرکەوتن هەژمار دەکرێن چونکە لە نێوان زلهێزەکاندا رووی نەداوە."
بەقایی لە کۆتایی پەیامەکەیدا پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئایا ئەمە پەیامێکی شایستەیە بۆ ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدا لە کۆتایی خولی دەسەڵاتەکەیدایە.