شارەوانی بجیل 1700 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکات
شارەوانی بجیل: زۆرینەی سوودمەندانی وەرگرتنی زەوی پێشمەرگەن
شارەوانی بجیل بە یەک قۆناخ 1700 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشینان دابەش دەکات و زۆرینە سوودمەندانیش پێشمەرگەن.
هێمن سەلیم خان، سەرۆکی شارەوانی شارەدێی بجیل لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنوورەکەیان بە کوردستان24 ـی راگەیاند، بەگشتی ناوی 1700 فەرمانبەر، پێشمەرگە و خانەنشین بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و ئێستا نەخشەی دابەشکردنی زەوییەکان پەسەند کراوە و بەمزووانە دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، زەوی لە سنوورەکەیان نەمابوو، بەڵام داوایان کرد سنوورەکەیان بە ئاراستەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەدێکە فراوان بکرێت داواکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە پەسەند کراو و کێشە لەبەردەم دابەشکردنی زەوی نەماوە. هەروەها پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر پێنج زۆن دابەشکراوە و تەنیا یەک زۆنی کشتوکاڵییە.
گوتیشی، تاوەکو ئێستا هیچ قۆناخێکی دابەشکردنی زەوییان رانەگەیاندووە، بەڵام بە یەک قۆناخ 1700 زەوی بەسەر سەرجەم فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشیان دابەش دەکەن و زۆرینەی ئەوانەی لە پرۆسەکەش سوودمەند دەبن پێشمەرگەن. ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لە سوودمەندانی وەرگرتنی زەوی سەر بە کەڵاتن، چونکە نەخشەی زەوی نەبووە، بۆیە لە سنووری شارەوانی بجیل زەوییان پێدەرێت.