هەڵمەتێکی فراوانی نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانی سلێمانی دەستپێدەکات
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبانی سلێمانی ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەورەی نۆژەنکردنەوەی رێگاکانی دەرەوەی شار تەواو کردووە و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکەش بۆ کوردستان24 رایگەیاند، 18 ملیار دینار بۆ چاککردنەوەی 40 رێگا و رێگەی 30 گوند تەرخانکراوە.
محەمەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی سلێمانی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵمەتێکی فراوانی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی رێگاوبانەکانی دەرەوەی شار دەستپێدەکات. ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەندین رێگە، پرد و ئاوبەری سندوقی و لوولەیی نۆژەنکراونەتەوە، لە قۆناخی نوێشدا رێگەی 30 گوند و چاککردنەوەی 40 رێگەی دیکە دەستپێدەکات کە بڕی 18 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی سلێمانی روونیکردەوە، رێگەسازی بۆ رێگەی نێوان وارماوا و دەربەندیخان، هەروەها رێگەی نێوان باشماخ – پێنجوێن دەستپێدەکات. هاوکات رێگەی سلێمانی – کەرکووک، بەتایبەتی بەشی نێوان تاسڵووجە و بانی مەقان خراونەتە ناو پلانی نۆژەنکردنەوە. جەختیشی کردەوە کە ئێستا 3 پڕۆژەی ستراتیژی لە قۆناخی جێبەجێکردن دان و کێشەی بودجەی چەند پڕۆژەیەکیش چارەسەرکراوە و بەمزووانە دەستپێدەکەنەوە.
سەبارەت بە پڕۆژەی دووسایدی نێوان دووکان و چوارقوڕنە، محەمەد جەلیل ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا 11 کیلۆمەتری تەواو کراوە و لە 60%ـی پڕۆژەکە کۆتایی هاتووە. هەرچەندە بڕیارە مانگی ئایاری ساڵی 2028 تەواوی پڕۆژەکە تەواو بکرێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت زووتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی کارەکانی کۆتایی پێ بێت.