سامان بەرزنجی: نەخۆشخانەکە بەنهێنی نەشتەرگەریی کردووە
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، زانیاریی نوێی لەسەر داخستنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە هەولێر و گیانلەدەستدانی نەخۆشێکی 21 ساڵ ئاشکرا کرد و رایگەیاند، رێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.
رۆژی پێنجشەممە، 3ی ئەیلوولی 2026، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشتر هەموو نەخۆشخانە تایبەتەکان کە ژمارەیان 64 نەخۆشخانەیە، ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت دۆسیەی تەواو و مۆڵەتی نوێکراوەیان هەبێت و ناوی هەموو کارمەند و پزیشکەکانیان لە وەزارەت تۆمار کرابێت، بەڵام ئەوەی دوێنێ لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان روویدا "جێگەی داخ و شۆک بوو".
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو نەخۆشخانەیە پێشتر بە راپۆرت ئاگادار کراوەتەوە کە شیاو نییە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری و قفڵی حکوومەتیشی پێوە بووە، بەڵام پزیشکێک لە شارێکی دیکەوە هێنراوە کە ناوی تۆمار نەکراوە و بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ژوورەوە و نەشتەرگەرییان بۆ ئافرەتێکی 21 ساڵ کردووە، کە دواتر گیانی لەدەستداوە. گوتیشی: "ئەو نەخۆشخانەیە تەنانەت هۆڵی چاودێریی چڕیشی نەبووە."
سامان بەرزنجی جەختی کردەوە کە رێگە نادەن مافی خانەوادەی ئەو نەخۆشە بفەوتێت و رایگەیاند: "دەستبەجێ بڕیارمان دا ئەو نەخۆشخانەیە بە تەواوەتی دابخرێت، هەروەها بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و 5 پزیشک و ئەو کارمەندانەی بەشدار بوون، رەوانەی دادگا کراون و لە کارەکانیان رادەگیرێن، چونکە سەلامەتیی هاووڵاتیان لای ئێمە لە هەموو شتێک گرنگترە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەبارەت بە کەمیی دەرمانی هیمۆفیلیا کە دوێنێ کوردستان24 راپۆرتێکی لەم بارەیەوە کردبوو، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەکە لە بەغداوەیە و بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، دابینکردنی فاکتەرەکانی 7، 8، 9 و 10 دواکەوتووە. راشیگەیاند کە بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ وەزیری تەندروستیی عێراق کۆدەبێتەوە تاوەکو بە زووترین کات ئەو دەرمانانە بۆ نەخۆشەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێن.