کونسوڵی ئەڵمانیا: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستان درێژخایەنە

کونسوڵی ئەڵمانیا: کوردستان دەرفەتی هیوابەخش بۆ تەکنەلۆژیای ئەڵمانی لە بوارەکانی وزە و ئاو و کشتوکاڵدا دەڕەخسێنێت

کریستیان ئۆلفکێ، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان لە بوارە جیاوازەکاندا، ئاراستەی کارە لەپێشینەکانی، هەروەها تێڕوانینی خۆی بەرامبەر بە دۆخی ئابووری، کولتووری و وەرزشی لە هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.

 

فراوانکردنی هاوبەشی و کارە لەپێشینە سیاسی و ئابوورییەکان

کریستیان ئۆلفکێ، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و کوردستان فراوانن و لەسەر بنەمای متمانەی درێژخایەنی دوولایەنە دامەزراون، ئەڵمانیا سەلماندوویەتی کە هاوبەشێکی جێی متمانەیە، بەتایبەتی لە بوارەکانی هاوکاریی مرۆیی، سەقامگیری، گەشەپێدانی هاوبەش و ئاسایشدا، ئەمەش بووەتە بنەمایەک بۆ هاوبەشییەکی بەهێز. من توانایەکی گەورە دەبینم لە فراوانکردنی هاوبەشییەکەمان بەرەو هاوکاریی ئابووری و کۆمەڵایەتی. بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی نێوان دامەزراوەکان، کۆمپانیاکان و کۆمەڵگەی مەدەنی، کلیلێک دەبێت بۆ فراوانکردنی ئەم پەیوەندییانە لەسەر ئاستی دوورمەودا.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەڵمانیا پابەندە بە کوردستانێکی سەقامگیر، ئارام و گەشەسەندوو لە چوارچێوەی عێراقدا، سەقامگیری تەنیا پرسێکی ئەمنی نییە؛ بەڵکو بەندە بە ئاسۆکانی ئابووری، حوکمڕانیی باش، دامەزراوە کاراکان و رەخساندنی دەرفەت بۆ نەوەی گەنج، هەروەها لەگەڵ هاوبەشەکانمان بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەشداریکردن لە سەقامگیرکردنی دۆخەکە لە رێگەی ئامرازە جیاوازەکانەوە، وەک کونسوڵی گشتی لە هەولێر، کارە لەپێشینەکانم سێ لایەنەن: یەکەم، بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییە سیاسییەکان و دیالۆگ؛ دووەم، فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان؛ و سێیەم، پشتگیریکردنی هاوکاری لە بوارەکانی سەقامگیری و گەشەپێداندا.

 

تەکنەلۆژیا و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کوردستان

کوسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر گوتیشی، کوردستان دەرفەتی هیوابەخش بۆ تەکنەلۆژیای ئەڵمانی دەڕەخسێنێت بۆ چارەسەرکردنی کارە لەپێشینەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە، ژێرخان، بەڕێوەبردنی ئاو، کشتوکاڵ و ئەندازیاریی میکانیکی. بەڵام، بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتری ئەڵمانی، بوونی چوارچێوەیەکی شەفاف، دڵنیایی یاسایی، پاراستنی بەهێزی وەبەرهێنان، دامەزراوەی کارا و هێزی کاری لێهاتوو زۆر پێویستن. لە سەرووی هەمووشیانەوە، ئاشتی و ئاسایش وەک فاکتەری یەکلاکەرەوە دەمێننەوە. ئاگادارم کە هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵیداوە بەشدار بێت لە ئاشتیی ناوچەکەدا. لەم ڕووەوە، تەنها دەتوانین هیوا بخوازین کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لە کۆتاییدا ئاشتی و سەقامگیری بەدەستبهێنێت.

دەشڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ئەڵمانیا لە پەرەپێدانی ئابوورییەکی هەمەچەشن کە لەسەر بنەمای کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان دامەزراوە، پوتێنشیاڵ لەو کەرتانەدا دەبینم کە دەتوانن هەلی کار بڕەخسێنن، زنجیرە بەهای ناوخۆیی دروست بکەن و وردە وردە پشتبەستنی هەرێم بە هاوردەکردنی کەرەستەی خاو کەم بکەنەوە. کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک نموونەی سەرەکین. کوردستان توانایەکی کشتوکاڵی گەورەی هەیە. کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەتوانن لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی مۆدێرن، ئامێر و چارەسەری پیشەسازییەوە بەشدار بن. ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایانە نەک تەنها بەرهەمهێنان زیاد دەکەن و بەکارهێنانی سەرچاوەکان کەم دەکەنەوە، بەڵکو یارمەتیدەر دەبن بۆ گواستنەوەی ناوچەکە لە هەناردەکردنی کەرەستەی خاوی کشتوکاڵییەوە بەرەو پرۆسێسکردن و پاکەتکردن.

 

تێڕوانین بۆ کۆمەڵگە، کەلتووری ناوخۆیی و وەرزش

کریستیان ئۆلفکێ باسی لەوەکرد، هەست دەکەم هێشتا زۆر شتم ماوە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان فێری ببم. لە پلەی یەکەمدا، دەمەوێت بزانم ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان لە کوێدا دەتوانن باشترین پەیوەندی بۆ سوودی دوولایەنە دروست بکەن. ئەمەش پێویستی بە وردبوونەوە هەیە لەوەی ئابووری لێرە چۆن کار دەکات و خەڵک چۆن بازرگانی دەکەن. هەروەها پێویستی بە تێگەیشتن لە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی هاوکاری هەیە لەم سەردەمەی کە دەبێت سەرنج بخەینە سەر ئەو بوارانەی دەتوانین گۆڕانکاریی ڕاستەقینەی تێدا بکەین. تێگەیشتن لەم بابەتانە ئەزموونێکی گەورەی فێربوونە. من کلیلی تێگەیشتن لە زۆر سەرچاوەی جیاوازدا دەدۆزمەوە؛ چ بە خوێندنەوەی کتێبێک بێت یان گوێگرتن لە شارەزایان، یان بە ڕێکەوت یان بینینی پارچە هونەرێک. لەسەر ئاستێکی فراوانتر، دەمەوێت گۆشەنیگای ڕاست بۆ شیکردنەوەی ڕووداوە هەنووکەییەکان بدۆزمەوە: هەرێمی کوردستان لە ناو هاوکێشەیەکی ئاڵۆز و هەستیاردا دەجوڵێتەوە. هەوڵم داوە شێوازەکانی ڕەوتی پێشهاتە مێژووییەکان لێک بدەمەوە، بەڵام هەموو شتێک زۆر بە خێرایی دەگۆڕێت و پێشبینیکردنیان قورسە. ئەو وتە کۆنەی دەڵێت "هەموو پێشبینییەک قورسە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە داهاتووەوە هەیە" وا دیارە بۆ کوردستان ڕاست بێت!

جەختیشیکردەوە، هەولێر "کەشێکی زۆر ئەرێنی هەیە. سەیر نییە بۆم کە مرۆڤ بۆ چەند هەزار ساڵێکە لەم شوێنەدا نیشتەجێ بووە. قەڵا وەک یادگارییەکی بەهێزی مێژووی درێژ و دەوڵەمەندی کوردستان وایە. حەزم لە ڕیتمی شارەکەیە؛ خەڵکەکەی ئارام و هاوڕێیانەن. لە دەرەوەی سنووری شارەکە، یەکەم سەردانم بۆ دهۆک بوو. پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان پارێزگای دهۆک و ئەڵمانیا زۆر باش دامەزراون و زۆر سەرسام بووم بە فراوانی و قووڵیی هاوکارییەکان. هەروەها بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی سەردانی سلێمانی دەکەم: ژمارەیەک هاوکارم لە کونسوڵخانە خەڵکی سڵێمانیین و هەر کاتێک دەست دەکەن بە قسەکردن لەسەر شارەکەیان، چاوەکانیان دەدرەوشێتەوە. بۆیە بێگومان شتێکی تایبەت لەو شارەدا هەیە! و لە کۆتاییدا، بەوپێیەی حەزم لە سروشت و چوونە دەرەوەیە، تامەزرۆی گەڕانم لە ناو چیاکان! هیوادارم بتوانم لە ماوەی مانەوەم لێرە هەموو ئەمانە ئەنجام بدەم.

راشیگەیاند، بەداخەوە، هێشتا هەلم بۆ نەرەخساوە سەیری هیچ یارییەکی راستەوخۆ بکەم. چەند بابەتێکم دەربارەی یانە کوردییەکان خوێندەوە، بۆ نموونە دهۆک و سەرکەوتنیان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو. هەروەها زاخۆ وادیارە کەشێکی ناوازەی هەبێت و زۆر خۆش دەبێت ئەگەر بتوانم ئامادەی یەکێک لە یارییەکانیان بم. من بە باوەڕم وایە کە تۆپی پێ خەڵکی جیهان یەکدەخات. ئەگەرچی هەڵبژاردە نیشتمانییەکانمان یان یانەکانمان ڕکابەر بن لەناو یاریگادا، بەڵام خولیای یارییەکە یەکمان دەخات. لە زۆر شوێنی جیهان گەڕاوم و تەنانەت کاتێک بە زمانی ناوخۆییەکانیش قسەم نەکردووە، هەر کەسێک ناوی "فرانس بێکنباوەر"، "ڕودی فۆلەر"، "لۆتەر ماتیۆس" یان "باستیان شواینشتایگەر"ی هێنابێت، هەستت کردووە خاڵێکی هاوبەشتان هەیە و بەهۆی سەرسامیتان بۆ یاریزانێکی دیار، یەکسەر هەست بە پەیوەندی دەکەن.