لە سێ رۆژدا 160 کەس لە ئێران بوونەتە قوربانی

خانوویەک لە ئێران دوای بۆردوومانکردنی لە لایەن ئەمریکاوە
خانوویەک لە ئێران دوای بۆردوومانکردنی لە لایەن ئەمریکاوە

وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری نوێی زیانە گیانییەکانی بەهۆی هێرشەکانی سێ رۆژی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە.

بەپێی ئەو ئامارەی وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا 18 کەس گیانیان لەدەست داوە و 142 کەسی دیکەش بریندار بوون.

حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی، "لە نێوان کاتژمێر 08:30ـی ئێوارەی 30ـی ئاب تاوەکوو کاتژمێر 08:30ـی ئێوارەی 2ـی ئەیلوول، 160 کەس بوونەتە قوربانی".

ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی دەریدەخەن، لە کۆی 142 بریندارەکە 61 کەسیان ئافرەتن و 44 کەسیش تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوەیە.

هاوکات وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، لە کۆی 18 کوژراوەکە دوو ئافرەت و یەک منداڵ هەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئەمریکا دەیان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک لە باشووری ئێران. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند، هێرشە "گەورە و بەهێزەکان"ـیان وەک وەڵامێک بوون بۆ "هەوڵە شکستخواردووەکانی ئێران بۆ چاندنی مین لە گەرووی هورمز" و هەروەها هەڵدانی هەشت مووشەک بۆ سەر بنکە سەربازییەکەیان لە ئوردن، کە سەرجەمیان تێکشکێندراون.

سوپای پاسدارانی ئێرانیش وەک وەڵامێک بۆ  هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی کوەیت، ئوردن، بەحرەین و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. 

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، کە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ بە هێرشکردنە سەر تاران و کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوو، دەستیان پێکرد، گەیشتووەتە ئاستێکی چەقبەستوو.

 ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان هەردووڵات دوای هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز کۆتایی هات. ئێستا ئێران گەرووی هورمزی داخستووە و ئەمریکاش گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی تووندتر کردووە. ترەمپ جەختی کردووەتەوە، رێککەوتنی بەلاوە گرنگ نییە و هەر کاتێک پێویست بکات، بە توندی لە ئێران دەدەن.