دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار دواخرا
دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی رووداوەکانی لالەزار بۆ کاتێکی نادیار دواخرا و سەرۆکی تیمی پارێزەرانیشی ئاشکرای دەکات، شەش لە تۆمەتباران بەهۆی بوونی فشار و ئەشکەنجەوە سەرجەم دانپێدانانەکانی پێشوویان رەتکردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 03ـی ئەیلوولی 2026، دانا تەقیەددین، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی دادگاییکردنەکە بە رێکارێکی یاسایی باش بەڕێوەچوو، تێیدا هەر 12 تۆمەتبارەکە ئامادەی بەردەم دادوەر بوون.
پارێزەرەکە ئاماژەی بەوە کرد، دادوەر گوتەی لە شەش تۆمەتبار وەرگرتووە و سەرجەمیان گوتەکانی پێشوویان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، لەژێر ئەشکەنجە و فشاردا ئەو گوتانەیان لێ وەرگیراوە. بەو هۆیەوە دادوەر سەرلەنوێ پرسیاری لێکردوون و گوتەی نوێی لێ وەرگرتوونەتەوە.
سەبارەت بە لاهور شێخ جەنگی، دانا تەقیەددین روونیکردەوە، بەپێی خشتەی دانیشتنەکە هێشتا نۆرەی نەهاتووە و لەم دانیشتنەدا هیچ گوتەیەکی لێ وەرنەگیراوە.
سەبارەت بە ئامادەنەبوونی سکاڵاکاران و پارێزەرەکانیان لە هۆڵی دادگا، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی باسی لەوە کرد، لەبەر ئەوەی سکاڵاکاران هیچ شایەتحاڵێکی رووداوەکەیان نییە، لە رووی یاساییەوە ئامادەنەبوونیان ئاساییە.
دانا تەقیەددین باسی لەوەش کرد، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 6ـی ئەیلوولی 2026، وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکە دیاری بکرێت.
ئێستا 27 گیراوی رووداوەکانی لالەزار لە زینداندان، دانیشتنەکەی ئەمڕۆش تایبەت بوو بە دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و 10 تۆمەتباری دیکە. ئەو کەسانە بەپێی ماددەی 56ـی یاسای سزادان دادگایی دەکرێن، ئەو ماددەیەش تایبەتە بە "رێککەوتن بۆ کوشتن".
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی توند لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر پێکدادانەکاندا، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران. لە ئەنجامی ئەو رووداوەشدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر رووداوەکەدا، دۆسیەکە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و دادگاییکردنی تۆمەتبارانیش بەردەوامە. کێشەیەکی دیکەی دۆسیەکە ئامادەنەبوونی سکاڵاکارانە لە دانیشتنەکانی دادگا. بەپێی زانیارییەکان دۆسیەی ئەم رووداوانە لە 800 لاپەڕە پێکهاتووە.