سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەر شەش تۆمەتباردا سەپێندرا
ئەمڕۆ دادگای عێراق سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر شەش تۆمەتباردا سەپاند، کە بەپێی ماددەی 4ـی تیرۆر دادگایی کرابوون.
بەگوێرەی ئەو نووسراوەی دەست کوردستان24 کەوتووە، ئەو کەسانە بەهۆی بەشداریکردنیان لە ئاراستەکردنی مووشەکی کاتیۆشا بۆ سەر سەربازگەی K1 لە پارێزگای کەرکووک سزا دراون.
سزادراوەکان بریتین لە عەباس قاسم، عەباس کازم، مەهدی فراس، مەجد باقر، عەبدولڕەحمان زەین عابدین و حەیدەر عەلی. بڕیارەکەی دادگا دوای ئەوە هات تاوانی ئەو کەسانە لە ئاراستەکردنی مووشەکەکان بۆ سەر سەربازگەی K1 لە باشووری کەرکووک پشتڕاستکرایەوە.
ئەو مووشەکانە لە نزیک بارەگای فەوجی دژەتیرۆر و شوێنی جێگیربوونی تیمی فەرەنسیی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کەوتبوونەوە.