هیوا ئەحمەد: بڕوای تەواومان بە برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک هەیە

بەرپرسێکی پارتی رایدەگەیەنێت، لە خانەقین هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی دەدرێت، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، سیاسەتیان لە کەرکووک پاراستنی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە لە نێوان تەواوی پێکهاتەکاندا.

هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 باسی لە رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد.

هیوا ئەحمەد مستەفا ئاماژەی بەوە دا، "لە خانەقین هەوڵی ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و سڕینەوەی ناسنامەی کوردی دەدرێت".

لەبارەی رەوشی کەرکووکیشەوە ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، "سیاسەتی ئێمە لە کەرکووک جەختکردنەوەیە لەسەر پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و باوەڕی تەواومان بە پاراستنی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان تەواوی پێکهاتەکان لە کەرکووک هەیە".

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ کوردستان24، هیوا ئەحمەد مستەفا ئەوەی خستەڕوو، "هەوڵەکانی ئێمە بۆ ئارامی و بەهێزکردنی برایەتیی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان بەردەوام دەبن و سەرەنجام هەر ئەم رێگەچارەیەش سەرکەوتوو دەبێت".

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، لایەنە سیاسییەکانی خانەقین کۆبوونەوەیەکیان بۆ تاوتوێکردنی شێوازە نوێیەکانی تەعریب رێکخست و بڕیاریان دا خۆپیشاندانێک دژی هێنانی عەرەبی هاوردە و پێشێلکردنی ماددەی 140 بەڕێوە بچێت. بەهۆی ئەم بڕیارەوە، هێزێکی ئەمنی زۆر بڵاوەی پێکرا، چەند گەنجێک دەستگیر کران.

هەر چەندە چەند گەنجێک رزگارکران، بەڵام هەڕەشەی دەستگیرکردن لە زیاتر لە 30 گەنجی دیکە کراوە.

خانەقین و کەرکووک دوو ناوچەی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن. پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام جەخت لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق دەکاتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە.

 لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە، پارتی نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە پرۆسەی بەعەرەبکردن و پەراوێزخستنی کورد لەو شارانە دەربڕیوە، بەڵام هاوکات بانگەشە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی لە نێوان تەواوی پێکهاتەکان دەکات.