وەزیری وزەی ئەمریکا: ئێمە نیازی دزینی نەوتی ڤێنێزوێلامان نییە
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، دوای سەردانێکی بۆ کاراکاس رەتی کردەوە واشنتن هەوڵی دزینی نەوتی ڤێنێزوێلا بدات، ئەم لێدوانەی رایت لە وەڵامی ئەو رەخنانەدا بوو کە ئاراستەی ئەو رێککەوتنە کراون کە لەم دواییە واژۆ کرا و بەپێی ئەو رێککەوتنە، ئەمریکا 20%ـی یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتە بەکاردەهێنێت.
28ـی ئاب، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنێکیان لەگەڵ ڤێنێزوێلا واژۆ کردووە، بەپێی ئەو رێککەوتنە، ئەمریکا دەبێتە خاوەنی زیاتر لە 65 ملیار بەرمیل لە یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتە. ڤێنێزوێلا پێشبینی دەکات لەو رێککەوتنەدا، لە ماوەی 25 ساڵدا 209 ملیار دۆلار قازانج بکات.
کریس رایت سەبارەت بەو رەخنانە گوتی "من ئەو سەردێڕانەم بینیوە، ئێمە نەوتی ڤێنێزوێلا دەدزین، بەدڵنیاییەوە ئەمە بەتەواوی نادروستە، چونکە سەرچاوەکانی نەوتی ڤێنێزوێلا هی گەلی ڤێنێزوێلان".
وەزیری وزەی ڤێنێزوێلا روونیکردەوە، کۆمپانیا تایبەتەکان سەرمایەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دابین دەکەن، بەڵام قازانج، باج و رسووماتەکان بەتەواوی دەگەڕێنەوە بۆ حکوومەتی ڤێنێزوێلا و گەلی ڤێنێزوێلا.
کریس رایت لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئێمە تەنیا سەرمایەیەکی ژێرزەوی کە بەکارنەهاتووە و هیچ داهاتێکی بۆ گەلی ڤێنێزوێلا نەبووە دەخەینە کار، هەروەها پارە و تەکنەلۆژیای پێویست بۆ گەشەپێدانی دابین دەکەین، ئەمەش سوودی بۆ ڤێنێزوێلا و تەواوی جیهان دەبێت"، رایت جەختی کردەوە، ئەم بابەتە تەنیا بەشکردنی داهاتە.
لە کاتی سەردانەکەی رایتدا، چەندین گرێبەستی نەوت لەگەڵ کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی سووتەمەنی و نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبا واژۆ کران.
باسی لەوەش کردووە، گرنگیی چاکسازییکردنی کەرتی کارەبا، چونکە پچڕانی کارەبا لە ڤێنێزوێلا دووبارە دەبێتەوە و کەرتی نەوت پێویستی بە کارەبایە بۆ ئەوەی دڵنیابن لە بەردەوامیی کارکردنی.