فوئاد حوسێن: ئابووریی عێراق لەژێر کاریگەریی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکەدایە

وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هەڵسوڕێنەری نوێی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کۆبووەوە و تێیدا چەندین پرسی گرنگی وەک پێکهێنانی حکوومەت، پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لە لایەن دەوڵەتەوە و داهاتووی پەیوەندییە ناوچەییەکانیان تاوتوێ کرد.

پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازیی لە ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری نوێی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرد.

بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەسەندنی رەوشی سیاسی عێراق و رێکارەکانی تەواوکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی وڵات تاوتوێ کران؛ لەوانەش ئەو هەنگاوانەی حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی کۆنترۆڵکردنی چەک و هێشتنەوەی لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دەیانگرێتەبەر.

هاوکات هەردوولا باسیان لە جموجۆڵە سیاسییەکانی عێراق و سەردانە چاوەڕوانکراوەکانی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کرد، کە لە چوارچێوەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق و پەرۆشیی وڵاتەکە دێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیدا.

لای خۆیەوە، هەڵسوڕێنەری نوێی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پێشوازییە گەرمەکە دەربڕی و پیرۆزبایی لە وەزیری دەرەوە کرد بە بۆنەی دووبارە متمانەپێدانەوەی وەک وەزیری دەرەوە لە کابینەی نوێی حکوومەتدا.

هەر بە پێی راگەیەنراوەکە، هەردوولا بیروڕایان گۆڕییەوە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دراوسێ لە قۆناخی دوای ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران، شانبەشانی لێکەوتەکانی ئەو بارگرژیانە لەسەر دۆخ و پەیوەندییە هەرێمییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە چەند پرس و پێشهاتێکی ناوچەیی جێی بایەخی هاوبەش کرا و تیشک خرایە سەر تێڕوانینەکان بۆ داهاتووی هەماهەنگیی هەرێمی و میکانیزمەکانی پەیوەندی و هەماهەنگی لەپێناو چەسپاندنی سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، عێراق لەژێر کاریگەری لێکەوتەکانی گرژییەکانی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورموزدایە. روونیشی کردەوە، ئابووریی وڵاتەکە بە پلەی یەکەم پشت بە هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکانی دەبەستێت کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی نیشتمانییە، ئەمەش پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەخاتە ژێر کاریگەریی راستەوخۆی پێشهاتە هەرێمییەکانەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکانی لەسەر عێراق کرد، بە تایبەت بە رەچاوکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییە بەهێزەکانی نێوان بەغدا و تاران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەنراوێکدا بەخێرهاتنەوەی ستیڤن فەیگنی بۆ عێراق کرد و رایگەیاندبوو، کە وەک هەڵسوڕێنەری نوێی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە پایتەختی عێراق دەستبەکار دەبێتەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەزموونە فراوانەکەی فەیگن دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا و هەنگاونان بەرەو داهاتوویەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی ئەمریکا و عێراق بپارێزێت.

لە لایەکی دیکەوە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردبووەوە، باڵیۆز ستیڤن فەیگن پێشتر لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020 وەک کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر خزمەتی کردووە و رۆڵێکی بەرچاوی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان گێڕاوە.