سوپای پاسداران: دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە نزیک گەرووی هورمز سووتان

سوپای پاسداران، تێکشکان و سووتانی دوو کەشتی نەوتهەڵگری لە رێڕەوێکی قەدەخە و مینڕێژکراوی نزیک گەرووی هورمز راگەیاند و روونیکردووەتەوە، هەردوو کەشتییەک فریوی بانگەشەی سوپای ئەمریکایان خواردووە و مینیان پێدا تەقیوەتەوە.

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی ئابی 2026، رایگەیاند، دوو کەشتی نەوتهەڵگر بەهۆی لە رێڕەوی مینڕێژکراوی گەرووی هورمز هەوڵیانداوە تێپەڕن، بەڵام بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینی دەریاییەوە تێکشکاون و لەکارکەوتوون.

سوپای پاسداران لە راگەیەندراوەکەدا هەڕەشە لە سوپای ئەمریکا دەکات بەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر ئاهەنگی بووک گواستنەوە و ناوچە جیاجیاکانی ئێران و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن، کاریگەریی لەسەر مۆراڵی گەلی بەرگریکاری ئێران نابێت، ئێستاش کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بە دەستی هێزەکانی ئێرانەوەیە.

هەروەها ئاماژەیداوە، کەمێک لەمەوبەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە هاندرابوون تا لە رێگەی قەدەخەکراو و نایاسایی لە گەرووی هورمز تێپەڕن، بەڵام لە رێڕەوی قەدەخەکراودا مینیان پێدا تەقیوەتەوە و هەردوو کەشتییەکە تێکشکان و سووتاون، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی نەداوە بەوەی دوو کەشتییەکە سەر بە چ وڵاتێکەوە بوون.

سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە، وەک ئەوەی پێشتر هۆشداری لەبارەی مەترسییەکانی بەزاندنی رێڕەوی مینڕێژکراو بە کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکاندا بوو، مەترسییەکان بەردەوام دەبن، بۆیە دەبێت کەشتییەکان رێڕەوی یاسایی بە رەزامەندی سوپای پاسداران تێپەڕن، نەک بە بانگەشەی سوپای ئەمریکا هەڵخەڵەتێن و رووبەڕووی مەترسی ببنەوە.