وەزارەتی نەوت: مانگی ئاب رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە كراوە

گوته‌بێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاو لە مانگی ئابی رابردوودا زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل بووە، هاو کات پێشکەوتنی بەرچاوی لە پڕۆژەکانی فراوانکردنی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیا و سووریاوە به‌دیهاتوون.

سەلیم روکابی، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان٢٤ رایگەیاند، تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاو لە مانگی ئابی رابردوودا لە رێگەی دەروازە دەریاییەکانی باشوور و گەرووی هورمزەوە، لە نێوان دوو ملیۆن بۆ دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلدا بووە، کە وەک بڕبڕەی پشتی ئابووریی نیشتمانی و بنەمای سەرەکیی سیستمی هەناردەکردن دادەنرێت.

روکابی ئاماژەی بەوەش کرد، پلانەکانی وەزارەت بۆ فراوانکردنی تۆڕی هەناردەکردن بریتییە لە بەردەوامبوونی کارەکان لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە، کە هەناردەی ئێستای لە نێوان 150 بۆ 180 هەزار بەرمیلدایە لە رۆژێکدا، لە پاڵ هەبوونی هەنگاوی پێشکەوتوو بۆ پەرەپێدانی هەناردەکردن لە رێگەی بەندەری بانیاسی سووریاوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی پێگەیەکی ستراتیژی لەسەر دەریای ناوەڕاست. وتەبێژەکە جەختی لەوە کردەوە کە دەروازەکانی باشوور وەک بەردی بناغەی سەرەکیی هەناردە دەمێننەوە و پەرەپێدانی دەروازەکانی دیکە تەنیا وەک پاڵپشتێکە بۆ زیادکردنی نەرمی ستراتیژیی کەرتی وزە.

سەبارەت بە پڕۆژەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری عەقەبەی ئوردنەوە، کە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە بیرۆکەی دروستکردنی بۆرییەکەی لە ئارادایە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی پاڵاوگەی زەرقا و درێژکردنەوەی بۆ میسر— روکابی روونیکردەوە، پڕۆژەکە هێشتا بە فەرمی جێبەجێ نەکراوە و لە ژێر لێکۆڵینەوەی تەکنیکی و ئابووریدایە، بێ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر تێچووی دارایی یان توانای گواستنەوەی درابێت.