دوو لە دەستگیرکراوانی لالەزار: ئەشکەنجەی ئابڕووبەرانە دراوین
سەرچاوەیەک لە تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی، لەبارەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاوە زانیاریی تایبەتی بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد و رایگەیاند، تۆمەتبارانی دۆسیەکە وتەکانی پێشووتریان رەتکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە داوە لەژێر ئەشکەنجەی دژواردا لێیان وەرگیراوە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی تیمی پارێزەران، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی ئەیلوولی 2026دا وتەی شەش تۆمەتباری دۆسیەی (ماددەی 56) وەرگیراوە، بەڵام سەرجەم تۆمەتبارەکان پێچەوانەی ئەو وتانەی پێشتر لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدا، لێیان وەرگیرابوو، قسەیان کردووە و وتەکانی پێشوویان بە تەواوی رەتکردووەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دانیشتنی دادگاکە لە کەشوهەوایەکدا بووە کە تۆمەتباران توانیویانە قسەی دڵی خۆیان بکەن و بێ سڵەمینەوە باسی ئەو دۆخە بکەن کە لە زینداندا تێیدا بوون.
هەرچەندە هێزێکی زۆری ئاسایش و هێزەکانی ئۆپەراسیۆن لە ناوەوە و دەرەوەی باڵەخانەی دادگادا جێگیر کرابوون، بەڵام ئارامی و ئازادیی ناو هۆڵی دادگاکە بەدڵی ئامادەبووانی دانیشتنەکە بووە و رێگە بە تۆمەتباران دراوە ئازادانە قسەکانیان بکەن.
سەرچاوەکەی تیمی پارێزەران بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، تەنیا قسەکانی دوو لە تۆمەتبارەکان هۆڵی دادگاکەی وروژاند، کاتێک سەرجەم وتەکانی پێشوویان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە "ئەوەی پێشتر وتومانە لەژێر ئەشکەنجەدا بووە و بەدەست خۆمان نەبووە."
ئەو دوو تۆمەتبارە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەهۆی سەختیی ئەو ئەشکەنجە توند و قورسەی جەستەیی و دەروونییەی دراون، ناتوانن لەناو هۆڵی دادگادا و لەبەرچاوی ئامادەبووان بە دەنگ باسی شێوازی ئەشکەنجەدانەکیان بکەن، تەنیا بە "ئەشکەنجەی ئابڕووبەرانە" ناویان هێناوە.
لە کۆتاییدا، ئەو دوو تۆمەتبارە شێواز و وردەکاریی ئەو ئەشکەنجەدانەی کراویانە، لەسەر کاخەز نووسیویانە و راستەوخۆ داویانەتە دەست دادوەرەکان، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک لە ئامادەبووانی هۆڵەکە ئاگاداری ناوەڕۆکی پەڕەکە بێت.