پڕۆسەی لەناوبردنی ماددە کیمیاییەکانی سەردەمی ئەسەد دەستپێدەکات

نوێنەری سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند: پرۆسەی لەناوبردنی ماددە و چەکە کیمیاییەکانی بەجێماوی سەردەمی بەشار ئەسەد لە ناو خاکی سووریادا دەستی پێکردووە.

پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، ئیبراهیم عەلەیبی، نوێنەری سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا گوتی: دەستمان بە پرۆسەیەک کردووە ئەویش لەناوبردنی هەندێک ماددە و چەکی کیماییە کە لە وڵاتەکەدا دۆزراونەتەوە و مێژووەکەیان بۆ سەردەمی بەشار ئەسەد دەگەڕێتەوە.

نوێنەری سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پرۆسەی لەناوبردنە یەکەمین هەنگاوە لە دوای رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، هەروەها یەکەمین پرۆسەی لەناوبردنی ماددە و چەکی کیمیاییە لە ناو خاکی سووریادا لە ساڵی 2014ـەوە.