پەیوەندییەکانی عێراق: نرخی ئینتەرنێتی فەرمانگەکان 40% کەمدەکرێتەوە

مستەفا سەند، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق رێنماییدا بە کەمکردنەوەی نرخی ئینتەرنێتی دابینکراو بۆ فەرمانگەکانی دەوڵەت بە رێژەی 40%، هاوکات بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی خێرایی ئینتەرنێتی تاوەرەکان بۆ هاووڵاتییان بە هەمان رێژە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی وەزیری پەیوەندییەکان، بڕیار دراوە بە کەمکردنەوەی نرخی ئینتەرنێتی سەرجەم فەرمانگەکانی دەوڵەت بە رێژەی 40%، بەجۆرێک کە بڕ و خێرایی ئینتەرنێتەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و تەنیا نرخەکەی 40% کەمدەبێتەوە.

وەزیری پەیوەندییەکان ئاماژەی بەوەش دا، ڕێنماییان داوە بە زیادرکردنی خێرایی ئینتەرنێتی تاوەرەکان (وایفای) بۆ هاووڵاتییان لەو ناوچانەی کە هێشتا خزمەتگوزاریی هێڵی کەیبڵی رووناکی (فایبەر ئۆپتیک)یان پێ نەگەیشتووە، بە ڕێژەی 40% زیاد بپەڕێندرێت، بەجۆرێک نرخەکەی جێگیر دەبێت و بڕ و خێراییەکەی 40% بەرز دەبێتەوە.

مستەفا سەند جەختی لەوەش کردەوە، کۆمپانیاکانی دابینکەری ئینتەرنێت جێبەجێکاری سیاسەتی نوێی وەزارەت دەبن، کە بریتییە لە پێشکەشکردنی تەنیا دوو پاکێج بۆ ئابوونەی تاوەرەکان و چوار پاکێج بۆ ئابوونەی کەیبڵی رووناکی.

لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزیری پەیوەندییەکان روونی کردەوە کە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی دەستەی راوێژکاریی وەزارەتدا (هەیئەی ڕەئی)، بە فەرمی پەسەندکردن بۆ ئەم بڕیارانە دەکرێت و دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.