لە ورمێ 47 یەکەی پیشەسازیی بەهۆی جەنگەوە لەکار کەوتوون

بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی و بازرگانی ورمێ ئاشکرایکرد "ساڵی رابردوو ساڵێکی پڕ لە ئاستەنگ بوو بۆ کەرتی پیشەسازی و بازرگانی پارێزگاکەیان و بەهۆی جەنگەوە تەنیا لە سنووری ورمێ 47 یەکەی پیشەسازیی بۆمبباران کراون و زیانیان پێگەیشتووە".

سەخاوەت خێرخواز، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی و بازرگانی ورمێ ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی ئەیلوولی 2026، لە رێوڕەسمی یادی کوژرانی ژمارەیەک کرێکاری ئاشی نەغەدە رایگەیاند، لە جەنگی دژ بە ئێران بەهۆی هێرشەکانەوە 47 یەکەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی زیانیان پێگەیشتووە و زیانەکانیش بە نزیکەی شەش هەزار ملیار تومەن زیان مەزندە دەکرێت.

هەروەها ئاماژەیداوە، هەر لە ساڵی رابردوودا تا ئێستا 250 کارگەی نوێ بە سەرمایەی 32 ملیار تومەن دامەزراوە و هەلی کاریان بۆ 9400 کەس رەخساندووە و بەمەش  بازرگانی گشتیی لە سنووری ورمێ بە رێژەی %29 گەشەی کردووە.

7ـی ئاداری ئەمساڵ لە درێژەی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئێران، ئەمیر عەباس جەعفەری قایمقامی نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بۆمببارانی ئاشی حەیدەرئابادی شارەکە سێ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و 10 کرێکاری دیکەش برینداربوون. بەهۆی هێرشەکەشەوە ئاشەکە بە تەواوی لە کار کەوتووە.