مەسرور بارزانی کێشەی چەندین ساڵەی تاپۆکردنی زەویی کەسوکاری شەهیدانی چارە کرد

بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کێشەی یاسایی تاپۆکردنی زەویی نزیکەی 400 خانەوادەی شەهید لە هەولێر چارە کرا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون، کە پێش 2007 بەسەریان دابەشکرابوو، کرا بە بەخشین (منحە).

رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، رێبەر عوسمان، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەهیدانی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، دواهەمین زانیاری و وردەکاریی لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە خانوو، شووقە و زەوییەکانی کەسوکاری شەهیدان ئاشکرا کرد.

رێبەر عوسمان رایگەیاند، پڕۆژەی دابەشکردنی خانوو بۆ کەسوکاری شەهیدان لە لایەن دەزگای شەهیدانی پێشووەوە لە ساڵانی 2002 تا 2004 لە گەڕەکی سەروەرانی هەولێرەوە دەستیپێکرد، دواتریش شوقە لە گەڕەکی بنەسڵاوە و ناحیەی کەسنەزان بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەش کرا، لە قۆناخێکی تریشدا لە ساڵانی 2013 و 2014ـدا زەوی لە گوندی باغەمرەشەهاب بەسەر ئەو خانەوادانەدا دابەش کرا.

بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەهیدانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو زەوییانەی لە ساڵانی 2013 و 2014 بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەش کران، ناوی ئەو کەسانەشی تێدا بوو کە پێشتر لە ساڵانی 2002 بۆ 2004 یەکەی نیشتەجێبوونیان وەرگرتبوو. 

هاوکات روونیکردەوە، بەپێی یاسای شەهیدان، خانەوادەی شەهید پێویستە تەنیا یەک جار مافی سوودمەندبوونی هەبێت لە وەرگرتنی (خانوو و شووقە یان زەوی)؛ بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو خێزانانەی پێشتر یەکەی نیشتەجێبوون، دواتر زەوییان بۆ دەرچووە، وەک "سوودمەندبوو" هەژمار کران و بەمەش کێشەی یاسایی بۆ تاپۆکردنی زەوییەکانیان دروست بوو.

رێبەر عوسمان گوتی: پێش نزیکەی 5 ساڵ بڕیاری تاپۆکردنی زەوییەکانی خانەوادەی شەهیدان درا؛ ئەوانەی پێشتر خانوو و شوقەیان وەرنەگرتبوو زەوییەکانیان بێ کێشە بە ناویان تۆمار کرا، بەڵام ئەوانەی پێشتر یەکەی نیشتەجێبوونیان پێدرابوو، پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکانیان بەهۆی رێگریی یاساییەوە راگیرا.

بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە پێش ساڵی 2007 بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەش کرابوون، بە شێوەی بەخشین (منحە) بۆیان هەژمار بکرێت. بەهۆی ئەم بڕیارەشەوە، خانەوادەی شەهیدان دەتوانن بەبێ هیچ کێشەیەکی یاسایی بچن زەوییەکانیان تاپۆ بکەن.

باسی لەوەش کرد، تەنیا لە ناو شاری هەولێردا نزیکەی 400 خانەوادەی شەهید لەم بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت سوودمەند دەبن، هاوکات لە لایەن شارەوانییەوە لە سەرجەم رسووماتی بەناوکردنی زەوییەکانیان دەبەخشرێن.