ئەمریکا ماوەی مانەوەی 50 هەزار سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژ دەکاتەوە
رۆژنامەییەک ئاشکرای کرد، کە ئەمریکا بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی 50 هەزار سەرباز و 19 کەشتیی جەنگیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، وەک هەنگاوێک بۆ ئامادەکاری لە ئەگەری درێژبوونەوەی بارگرژییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێراندا.
پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاوی کردەوە، ئەمریکا کار بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری درێژبوونەوەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێراندا.
رۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، واشنتن نزیکەی 50 هەزار سەرباز و 19 کەشتیی جەنگی لە ناوچەکەدا دەهێڵێتەوە، بە مەبەستی رەخساندنی چەندین بژاردەی مەیدانی کراوە بۆ دۆناڵد ترەمپ، کە بژاردەکانی لە نێوان سەپاندنی گەمارۆ و فشاری ئابووری، هێورکردنەوە و راگەیاندنی کۆتاییهاتنی جەنگ، یان ئامادەکاری بۆ هێرشی فراوانتر لە ئەگەری بڕیاردانی پەرەسەندنی دۆخەکەدا دەسووڕێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند: کە کەشتیی جەنگیی هێرشبەری "یو ئێس ئێس بۆکسەر" (USS Boxer - LHD 4) ئەرکە ئۆپەراسیۆنییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دەست پێکردووە، کە زیاتر لە دوو هەزار و 600 دەریاوان و سەربازی هێزی پیادەی دەریایی (مارێنز)ـی لەسەرە، بە مەبەستی بەهێزکردنی چاودێریی سەربازی و بڵاوبوونەوەی دەریایی ئەمریکا لە ئاوە هەرێمییەکان و گەرووی هورمزدا.