ترەمپ سوپاسالاری نوێی ئەمریکای دەستنیشانکرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئادەم تیلی وەک سوپاسالاری نوێی ئەمریکا بە وەکالەت دەستنیشانکرد. ئەم بڕیارەی ترەمپ دوای دەستلەکارکێشانەوەی دان دریسکۆڵ دێت، کە بەهۆی بوونی گرژی و ناکۆکی لەگەڵ پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا، وازی لە پۆستەکەی هێنا.

دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" پشتراستی کردەوە کە ئادەم تیلی بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە و نووسیویەتی: "ئەو نیشتمانپەروەرێکی گەورەیە و جێگەی رێزی هەمووانە."

دان دریسکۆڵ، وەزیری پێشووی سوپا کە هەفتەی رابردوو دەستی لەکارکێشایەوە، هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری وازهێنانەکەی نەداوە. بەڵام راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لەگەڵ پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری، تووشی کێشە و داململانێ بووە. هەروەها لەم ساڵدا ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانی دریسکۆڵ لە ناو سوپای ئەمریکا لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە.

ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە دۆسیەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بە کراوەیی ماوەتەوە. لەو چوارچێوەیەدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە رەتیکردەوە وشەی "شەڕ" بۆ وەسفکردنی پێکدادانەکانی ئەمریکا و ئێران بەکاربهێنێت.

ڤانس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "من ناوی نانێم شەڕ، لا کاتی ئێستا هیچ هێرشێکی چالاک بوونی نییە." ئەم لێدوانەی ڤانس لە کاتێکدایە کە ئێران بەردەوامە لە ئاراستەکردنی مووشەک و درۆن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی واشنتن.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی "بەرپرسیارێتی" جێبەجێکردنی هێرشەکانی ئەم هەفتەیەی لەئەستۆیە، چونکە ئێران بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.

چاودێران پێیان وایە هەوڵەکانی ڤانس بۆ کەم نیشاندانی ئاستی شەڕەکە، پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی کۆنگرێسەوە هەیە. ترەمپ و ئیدارەکەی هەوڵ دەدەن دەنگدەران قایل بکەن کە کۆمارییەکان لەسەر دەسەڵات بمێننەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ململانێکان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و زیادبوونی رێژەی هەڵاوسان، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر هاووڵاتیانی ئەمریکی دروست کردووە.