لە ئیستانبوڵ ئەندامێکی داعش کوژرا

لە ئەنجامی ئۆپۆراسیۆنێکی هاوبەشی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری ئیستانبوڵ، چەکدارێکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کوژرا کە پلانی ئەنجامدانی هێرشی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا هەبوو، لە رووداوەکەدا هاووڵاتییەکیش بریندار بوو.

بەپێی زانیارییەکان، ئۆپۆراسیۆنەکە بە هەماهەنگی لەنێوان دەزگای هەواڵگریی تورکیا (مێت) و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستانبوڵ لە ناوچەی 'سوڵتانبەیلی' بە مەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک بەناوی (بەرکان چ.) تەمەن 21 ساڵ ئەنجامدرا، کە پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە هەبووە.

لە کاتی هەڵکوتانە سەر شوێنی داواکراوەکە، تۆمەتبارەکە تەقەی لە هێزەکانی پۆلیس کردووە، لە وەڵامی تەقەی هێزە ئەمنییەکانیشدا، کوژرا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئەنجامی ئاڵۆزی و تەقەکردنەکەدا هاووڵاتییەک بریندار بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، هەروەها لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان لەبارەی وردەکاریی زیاتری رووداوەکە بەردەوامە.

لە لایەکی دیکەوە، داود گوڵ، پارێزگاری ئیستانبوڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "دەستخۆشی لە دەزگای هەواڵگری (مێت) و ئاسایشی ئیستانبۆڵ دەکەم کە بە بڕواو بوێرییەوە رووبەڕووی ئەو لایەنانە دەبنەوە کە ئاسایشی دەوڵەت و ئارامی گەلەکەمان دەکەنە ئامانج."