کوشنەر و ویتکۆف سەردانی کیێڤ دەکەن

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، نوێنەرانی ئەمریکا جارید کوشنەر و ستیڤن ویتکۆف، سەردانی کیێڤ دەکەن بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاشتی لە ئۆکرانیا، هاوکات ئەگەری چوونیشیان بۆ مۆسکۆ هەیە بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا.

تاوەکو ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن واشنتن یان مۆسکۆوە دەربارەی کات و وادەی وردی سەردانەکەی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ رووسیا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی ئاژانسی هەواڵی "تاس"ی رووسی، ئەگەری زۆر هەیە کوشنەر و ویتکۆف بچنە مۆسکۆ تاوەکو لەبارەی ئیمکانیەتی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی لە ئۆکرانیا گفتوگۆ و دانوستان بکەن.

پێشتریش ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاندبوو، جارید کوشنەر و ستیڤن ویتکۆف سەردانی کیێڤ دەکەن و لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجام دەدرێت.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی "KP.RU" لە زاری دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملینەوە بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی دیاریکراو لەبارەی ئەنجامدانی سەردانی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ رووسیا لە ئارادا نییە.