بازاڕی دهۆک درەنگ دەکرێتەوە

سەرەڕای ئەوەی بازاڕی سەرەکی دهۆک شوێنی سەرەکیی سەردانی گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراقە، بەڵام درەنگ کرانەوەی دووکان و بازاڕەکان گەشتیارانی بێزار کردووە. لە بەرامبەردا سەندیکای ئابووریناسان کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکات بۆ دیاریکردنی کاتێکی یەکگرتوو بۆ سەرجەم کاسبکاران.

بازاڕی سەنتەری دهۆک بە دڵی گەشەپێدانی گەشتیاریی پارێزگاکە هەژمار دەکرێت، بەڵام تاوەکو کاتژمێر 10:00ی بەیانیش زۆربەی دووکان و بازاڕەکانی بە داخراوی دەمێننەوە، ئەم دۆخەش کێشەی بۆ ئەو گەشتیارانە دروست کردووە کە لە بەرەبەیانەوە بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان روو لە بازاڕ دەکەن.

گەشتیارێک کە لە شاری موسڵەوە سەردانی دهۆکی کردووە بۆ کوردستان24 دەڵێت "لە موسڵ کاتژمێر 07:00ی بەیانی بازاڕ دەکرێتەوە، دوێنێ شەو هاتین بۆ بازاڕی دهۆک داخراوبوو، ئه‌مڕۆ بەیانیش هاتینەوە دیسان داخراوە و تەنانەت نازانین کەی دەکرێتەوە."

هاوکات گەشتیارێکی دیکە کە لە پارێزگای بابڵەوە هاتوو سەرسامیی خۆی بە شاری دهۆک دەربڕی، بەڵام ئاماژەی بەوە دا "لای ئێمە کاتژمێر 06:00ی بەیانی بازاڕ دەکرێتەوە، بەڵام لێرە کاتژمێر 09:00ی بەیانییە و هێشتا بازاڕ بە تەواوی داخراوە، داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کاتی کردنەوەی بازاڕەکان رێکبخات."

بەشێک لە کاسبکاران و نیشتەجێبووانی دهۆکیش لەگەڵ رێکخستنی کاتەکاندان و پێیان وایە رزق و رۆزی لە بەرەبەیاندایە، نەک درەنگانی شەو کاتژمێر 11:00 یان 12:00ی شەو دووکان بکەنەوە.

لەلایەن خۆیەوە، د. کاوە عەبدولعەزیز، لە سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان - لقی دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند: کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و رێکخستنی کاتەکانی بازاڕ بەم شێوازەی خوارەوە:

مۆڵ و تایبەتمەندەکانی هاوشێوە: کاتژمێر 11:00ی شەو دابخرێن.
کافتریا، چایخانە و گازینۆکاتژمێر 12:00ی شەو دابخرێن.
بازاڕە میللییەکان: هاوشانی بانگی مەغریب دابخرێن و بەیانیان زوو بکرینەوە.
خواردمەنی و شیرینیفرۆشییەکان: کاتژمێر 11:00ی شەو دابخرێن.
ئەم پڕۆژەیەی سەندیکای ئابووریناسان هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە، بەڵام ئامانج لێی تەنیا خزمەتکردنی گەشتیاران نییە، بەڵکو مەبەست لێی رێکخستنەوەی سیستەمی ژیانی هاووڵاتییان و کاراکردنی جووڵەی ئابووریی پارێزگای دهۆکە لە بەرەبەیانەوە.