عێراق ماوەی پەرەپێدانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ سێ ساڵ کەمکردەوە
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بڕیاریداوە ماوەی جێبەجێکردنی پلانی پەرەپێدانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵات لە شەش ساڵەوە سێ بۆ ساڵ کەمبکاتەوە.
رۆژی هەینی، 4ی ئەیلوولی 2026، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق، رایگەیاند کە وەزارەتەکەیان کار بۆ تەواوکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رێنمایی داوە بۆ خێراکردنی پلانی پەرەپێدانی سیستەمەکە، بە جۆرێک لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو بێت.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری راشیگەیاند، هێزە چەکدارەکان خاوەنی پێنج فەرماندەیی جیاوازە، کە بریتین لە هێزی وشکانی، دەریایی، ئاسمانی، بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکەوانی سوپا. جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ئەم سیستەمە بە هاوسەنگی و بە تەواوەتی کار بکات.
سەبارەت بە وردەکارییەکان، لیوا یەحیا رەسوول روونیکردەوە کە سەرۆکی ئەرکانی سوپا پێشتر توێژینەوەیەکی پێشکەش کردبوو کە پەرەپێدانی سیستەمەکە شەش ساڵ بخایەنێت، بەڵام فەرماندەی گشتی دوای سەردانیکردنی فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی، بڕیاریدا ئەو ماوەیە بۆ سێ ساڵ کەمبکرێتەوە بێ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر توانای بونیادنانی سیستەمەکە هەبێت.
لیوا یەحیا رەسوول ئاماژەی بەوەش کرد، شاندە تەکنیکییەکان لە کۆبوونەوەی بەردەوامدان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگەکان بۆ کڕینی رادار و سیستەمی مووشەکی پێشکەوتوو. گوتیشی: "عێراق ئێستا راداری فەرەنسی لەبەردەستە کە بە کاراییەکی بەرز کار دەکەن و بەسەر کەرتە جیاوازەکاندا دابەشکراون، بەڵام پێویستمان بە پەرەپێدانی گشتگیر هەیە تاوەکو سیستەمەکە ببێتە یەکەیەکی تەواوکەری راداری و مووشەکی مەودا کورت، ناوەند و درێژ."