جەمیل بایک: بەبێ ئازادیی ئۆجەلان پڕۆسەی ئاشتی دەخنکێت

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئاماژە بەوە دەکات، "یاسای چوارچێوە" بۆ پڕۆسەی ئاشتی بە تەنیا بەس نییە و نابێت تەنیا کورت بکرێتەوە بۆ داماڵینی چەک. جەختیشی کردەوە، بێ ئازادکردنی جەستەییی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، داننان بە مافە یاساییەکانی کورد و چارەسەرکردنی دۆخی سەرکردایەتی، پڕۆسەکە ناگاتە ئەنجام.

هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026، جەمیل بایک، بە میدیای نزیک لە پەکەکەی رایگەیاند، "یاسای چوارچێوە"یان وەک دەستپێکێک بینیوە، بەڵام کەمکوڕیی جددی تێدایە، چونکە بەبێ ئامادەکردنی زەمینەی سیاسی و دەستووری جێبەجێ ناکرێت. گوتیشی "داماڵینی چەک پرۆسەیەکی یەک لایەنە نییە، بەڵکو پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستانی سێقۆڵیی نێوان دەوڵەت، ئیمراڵی و تەڤگەرەکەمان هەیە، چەکدانان لە پێناوی بەشداریکردندایە لە کایەی سیاسیی دیموکراتیکدا، لەبەر ئەوە دەبێت راستەوخۆ هەنگاوەکانی دیموکراسیبوون لەگەڵ داماڵینی چەکدا جێبەجێ بکرێن، بەپێچەوانەوە پرۆسەکە دەخنکێت و بەرپرسیارێتییەکەشی لەئەستۆی دەسەڵاتداریدایە."

هاوسەرۆکی کەجەکە سەرنجی خستە سەر پێگە و ئازادیی جەستەییی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و روونی کردەوە، دوای بڕیاری کۆنگرەی 12یەمی پەکەکە بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری لە دژی تورکیا، بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە بە ئۆجەلان سپێردراوە، هۆشداریشی دا تا ئۆجەلان بە شێوەیەکی ئازاد رۆڵی هەماهەنگکار و رێکخەر نەگێڕێت، قەناعەت بە گەلی کورد و تەڤگەرەکەیان نایەت، هاوکات لێدەردانی کادیرانی سەرکردایەتی لە یاسای چوارچێوەدا بە کێشەیەکی بنەڕەتی ناوبرد و رایگەیاند، بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتدا دەبێت بارودۆخێکی ئازاد رەخسێنرێت تا ئەزموونە ناکامەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەمیل بایک تیشکی خستە سەر نادیدەگرتنی مێژوویی کورد لە سیستمی دادوەریی تورکیادا و ئاماژەی بەوە کرد، "دروشمی 'هاووڵاتیی یەکسان' تەنیا گوتارێکی جەنگی تایبەتە تا کاتێک کورد لە دەرەوەی یاسادا هێڵدرابێتەوە، چارەسەری ئاشتییانە کاتێک دەستپێدەکات کە بوونی گەلی کورد، ئازادیی زمان، کولتوور و مافی بەڕێوەبردنی خۆجێی لە دەستووردا جێگیر بکرێن و یاساکانی دژەتیرۆر و سزا راستبکرێنەوە."

لە کۆتایی ساڵی 2024: دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و هاوپەیمانی ئەردۆغان، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.
26ـی تشرینی دووەمی 2024: راگەیاندنی فەرمیی دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی بۆ ئاشتی.
28ـی کانوونی یەکەمی 2024: دیداری پەروین بوڵدان و سەرى سوورەیا ئۆندەر (شاندی دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵی.
سەرەتای ساڵی 2025: ئۆجەلان لە زیندانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد.
1ـی ئاداری 2025: ڕاگەیاندنی فەرمیی ئاگربەست و ڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ.
5 - 7ـی ئایاری 2025: بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 12ی پەکەکە؛ دەرکردنی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.
11ـی تەممووزی 2025: وەک هەنگاوێکی هێمادار بۆ قبووڵکردنی پەیامەکەی ئۆجەلان، گرووپێکی 30 کەسی لە گەریلاکان بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات (هاوسەرۆکی کەجەکە) لە ڕێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری ناوچەی شارباژێڕ / دوکان - سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند و کۆتاییان بە شەڕ هێنا.