لە مانگێکدا دەستەی دەستپاکی لە عێراق 78 تۆمەتباری دەستگیر کردووە

دەستەی دەستپاکی لە عێراق رایگەیاند، لە ماوەی مانگی ئابی رابردوودا لە ئەنجامی چەندین ئۆپۆراسیۆن لە سەرانسەری پارێزگاکان، 78 تۆمەتباریان بە تۆمەتی جیاوازی گەندەڵی دەستگیر کردووە.

بەپێی ئامارێکی فەرمیی دەستەی دەستپاکی، لە ماوەی مانگی ئابی ڕابردوودا کۆی گشتیی ئەو ئۆپۆراسیۆنانەی لە پارێزگاکانی عێراق ئەنجام دراون، 191 ئۆپۆراسیۆن بوون.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ناو ئەو چالاکییانەدا 39 ئۆپۆراسیۆنیان تایبەت بوون بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بەهۆیەوە 78 کەس دەستبەسەر کراون و ڕادەستی دادگا کراون.

هەروەها لە ئامارەکەدا روونکراوەتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، 152 ئۆپۆراسیۆنیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامە، پەڕاو و هێڵکارییە سەرەتاییەکانی گەندەڵی ئەنجام داوە.

هاوکات دوێنێ پینجشەممە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ئاماژەی بەوە دا، تیمەکانیان توانیویانە رێگری لە بەفیڕۆدانی زیاتر لە 34 ملیار دینار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی دەوڵەت لە ئەنبار بکەن.