خانمێکی کورد کاندیدی ژمارە 1ی سۆسیال دیموکراتەکانە بۆ هەرێمی ستۆکهۆڵم
لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سویددا، رەوەندی کوردی و بەتایبەت ژنان رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن. تارا توانا، وەک خاتوونێکی کورد، بووەتە کاندیدی ژمارە 1ی پارتی سۆسیال دیموکرات بۆ ئەنجوومەنی هەرێمی ستۆکهۆڵم، هاوکات ماکدەلێنا ئاندێرشۆن، سەرۆکی پارتەکە، جەخت لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
ماکدەلێنا ئاندێرشۆن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوید و سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، پەیوەندییەکی دوور و درێژ و مێژوویی گەرم لە نێوان سوید و هەرێمی کوردستان هەیە. ئاندێرشۆن داوای لە کوردانی سوید کرد کە وەک ئەندام و دەنگدەر پشتگیری لە سۆسیال دیموکراتەکان بکەن بۆ ئەوەی حکوومەتێک پێکبهێنرێت کە هەلی کار، قوتابخانەی باش و سیستەمێکی تەندروستی و یەکسانی بۆ هەمووان فەراهەم بکات، بەبێ ئەوەی داهاتی تاکەکەسی ببێتە رێگر.
ئاندێرشۆن هۆشداریشی دا لەوەی کە سوید پێویستی بە حکوومەتێکی سۆسیال دیموکراتە نەک دیموکراتەکانی سوید (پارتە راستڕەوەکان) دەسەڵات بگرنە دەست، چونکە ئەو پارتە دەیەوێت خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هەموو کەس بێت بەبێ جیاوازی.
لە هەمان چوارچێوەدا و بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سوید، ئافرەتانی کورد رۆڵێکی بەرچاویان هەیە. تارا توانا، کە کاندیدی ژمارە یەکی سۆسیال دیموکراتەکانە بۆ ئەنجوومەنی هەرێمی ستۆکهۆڵم، نموونەیەکی دیاری ئەو بەشدارییەیە. تارا کە هاوکات سەرۆکی ئافرەتانی سۆسیال دیموکراتە لە پایتەختی سوید، رایگەیاند کە پارتەکەیان بە پێچەوانەی پارتە راستڕەوەکان، دەرگای بۆ ئافرەتان کردووەتەوە تا بگەنە باڵاترین ئاستی بڕیاردان و یەکسانی و دادپەروەری زیاتر بچەسپێنن.
تارا توانا ئاماژەی بەوەش کرد، لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتان خۆیان کاندید کردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ برەودان بە کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و یەکسانیخواز، کە تێیدا ئافرەتان خاوەن بڕیار بن و رۆڵیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەبێت.