لە سلێمانی 260 کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراق بڵاویکردووەتەوە، تۆڕێکی نێودەوڵەتیی بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە پارێزگای سلێمانی هەڵوەشاندووەتەوە و دەستیان بەسەر 260 کیلۆ ماددەی هۆشبەر، لە جۆری کاپتاگۆندا گرتووە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ناوچەی رەسافەی بەغدا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی توانیویانە تۆڕێکی نێودەوڵەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەکان لە سنووری سلێمانی هەڵبوەشێننەوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتووە، دوای بەدواداچوونێکی وردی ئەمنی و چاودێری جموجوڵی بازرگانەکان کە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێوە دەستی پێکردووە و لە سلێمانی کۆتایی بەو تۆڕە تاوانکارییە هێنراوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە لەو ئۆپەراسیۆنەدا 260 کیلۆ حەبی هۆشبەری جۆری کاپتاگۆن دەستی بەسەردا گیراوە و دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون، کە یەکێکیان هەڵگری رەگەزنامەی بیانییە. 

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئۆپەراسیۆنەکە چوار مانگ لەمەوبەر کراوە، بەڵام راگەیاندنی ئەنجامەکەی بەهۆی پێداویستییە هەواڵگری و لێکۆڵینەوەکانەوە دواخراوە، ئەمەش بە ئامانجی تەواوکردنی بەدواداچوونی زیاتر و دۆزینەوەی سەرجەم ئەندامانی ئەو تۆڕە.