واشنتن پۆست: ئەمریکا 25%ـی درۆنەکانی لە جەنگی ئێران لەدەستداوە

تێکشکانی دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری "ریپەر" (MQ-9A) لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێراندا، هێزی ئاسمانیی ئەمریکای ناچار کردووە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی درۆنێکی هەرزانتر بە شێوەیەکی بەرفراوان و بە خێرایییەکی زیاتر بخاتە گەڕ تا جێگەی درۆنە لەدەستچووەکانی پێ پڕ بکاتەوە.

هەینی 4ی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی واشنتن پۆست، تا ناوەڕاستی مانگی ئاب هێزەکانی ئەمریکا 45 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ریپەریان لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" لە دژی ئێران لەدەستداوە کە دەکاتە نزیکەی 25%ـی کۆی کەشتیگەلی ئەو درۆنانە.

لە راپۆرتەکەداهاتووە، لەبەر ئەوەی تێچووی دروستکردنی هەر درۆنێکی ئێم کیو نۆ لە نێوان 30 بۆ 50 ملیۆن دۆلاردایە، هێزی ئاسمانی لە چوارچێوەی پڕۆگرامی "فڕۆکەی مۆدیولاری بەکۆمەڵ" (MMA) کار بۆ بەرهەمهێنانی لانیکەم 180 درۆنی نوێ دەکات کە تێچووی هەر یەکێکیان تەنیا نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار دەبێت، هاوکات وەزیری هێزی ئاسمانی فەرمانی کردووە پرۆسەی پەرەپێدانی ئەم درۆنە نوێیانە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت.

لیوا کریستۆفەر نیمی، بەرپرسی مۆدێرنکردن لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە پێنتاگۆن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بۆ دابەزاندنی تێچووی پڕۆژەکە، دەستبەرداری هەندێک لە تایبەتمەندییە ئاڵۆزەکان و سیستەمی بەرگریی درۆنەکە دەبن، چونکە بەرهەمهێنانی درۆنێکی هەرزان بە ژمارەیەکی زۆر، بەهای جەنگیی زیاترە لە درۆنێکی زۆر گرانبەها کە مەترسیی لەدەستدانی هەبێت.

ئاماژەی بەوە کرد، ئەم درۆنە نوێیانە پشت بە تەکنۆلۆژیای تاقیکراوە دەبەستن و بە مەودای فڕینی زیاتر لە چوار هەزار میل و توانای هەڵگرتنی زیاتر لە هەزار و 200 کیلۆگرام کەرەستەی سەربازی کار دەکەن، بە جۆرێک مەودا و توانای هەڵگرتن لەپێشینە دەبێت نەک خێراییی فڕین.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی هێزی ئاسمانی روونیان کردەوە کە سوپای ئەمریکا شێوازی تەمەنی درۆنەکانیش دەگۆڕێت و لەبری خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بۆ چاککردنەوە و مانەوەیان بۆ ماوەی چەندین دەیەی درێژخایەن، فڕۆکەیەک بەکاردەهێنن کە تەمەنێکی کورتتر و تێچوویەکی زۆر کەمتری هەبێت، هاوکات کار لەسەر ئەندازیارییەکی نوێ دەکرێت تاوەکو کۆمپانیاکانی کەرتی پیشەسازی بە خێرایی نموونە سەرەتایییەکانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نوێیە رادەستی سوپا بکەن.