وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: رێگە نادەین هیچ بانکێک ببێتە سەرچاوەی دارایی بۆ تاران
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند, لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری"دا، سزای بەسەر بانکی "گۆڵدن گڵۆباڵ"ی تورکیادا سەپاندووە بەهۆی هاوکاریکردنی دەسەڵاتدارانی تاران لە سپیکردنەوەی پارە و دەربازبوون لە سزاکان.
هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەپاندنی سزا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەسەر بانکی "گۆڵدن گڵۆباڵ" لە تورکیا، نوێترین هەنگاوی واشنتنە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری بۆ پچڕاندنی ئەو تۆڕانەی کە رێگە بە ئێران دەدەن پارە سپی بکاتەوە، سزاکان پێشێل بکات و هاوکاریی دارایی پێشکەشی گرووپە چەکدارەکانی بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە پەیامێکی روونە بۆ سەرجەم دامەزراوە دارایییەکانی جیهان بەوەی هەر جۆرە ئاسانکارییەک بۆ مامەڵە دارایییە نایاسایییەکانی ئێران لێکەوتە و سزای توندی بەدوادا دێت.
پیگۆت ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رێکارە پابەندبوونی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دووپات دەکاتەوە لە پێناو وشککردنی ئەو سەرچاوە دارایییانەی کە ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە سەقامگیریی ناوچەکە و پەرەپێدانی توانای سەربازی بەکاریان دەهێنێت.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە واشنتن بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی سەرجەم ئامرازە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران تا ئەو کاتەی دەستبەرداری چالاکییە تێکدەرەکانی دەبێت، هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە کە نەهێڵن هیچ بانکێک ببێتە سەرچاوەی دارایی بۆ تاران.