سوپای ئیسرائیل: حزبوڵڵای لوبنانی درۆنێکی ئاراستەی هێزەکانمان کردووە

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان خستووەتە خوارەوە، و لە کاردانەوەی ئەو هەنگاوەشدا دەستیان بە بۆردوومانکردنی چەندین پێگە لە باشووری لوبنان کردووە.

هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، حزبوڵڵا درۆنێکیان بەرەو ئەو سەربازە ئیسرائیلییانە ئاراستە کردووە کە لەناو "ناوچەی ئەمنی" لە باشووری لوبنان لە ئەرکدابوون.

سوپای ئیسرائیل ئەم هەنگاوەی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای لێکتێگەیشتنەکان" وەسف کردووە و ئاشکرای کرد، سەربازەکانیان راستەوخۆ دەستڕێژی تەقەیان لە درۆنەکە کردووە و خستوویانەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانیاندا تۆمار بکرێت.

سوپای ئیسرائیل جەختی لەوەش کردووەتەوە کە وەک وەڵامدانەوەیەکی خێرا بۆ ئەو هێرشە درۆنییە، ئێستا هێزەکانیان بۆردوومانی چەندین ئامانج و ناوچە لە باشووری لوبنان دەکەن.