توێژینەوەیەک: قەیرانی تەنیایی لەناو گەنجانی بەریتانیا پێنج هێندە زیادی کردووە

راپۆرتێکی پەیمانگەی توێژینەوەی سیاسەتی گشتی لە بەریتانیا (IPPR) ئاشکرای دەکات، پەیوەندیی هاوڕێیەتی لە نێوان گەنجانی ئینگلتەرادا بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە و رێژەی ئەو کەسانەی هیچ هاوڕێیەکی نزیکیان نییە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا پێنج هێندە بەرز بووەتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی نوێ بە ناونیشانی "تەنیاکەوتووترین نەوە"، ئێستا لە هەر 20 گەنجێکی تەمەن نێوان 16 بۆ 21 ساڵ لە ئینگلتەرا، یەکێکیان بە تەواوی هیچ هاوڕێیەکی نزیکی نییە، لە کاتێکدا لە دە ساڵی رابردوودا ئەم رێژەیە تەنیا یەک کەس بووە لە نێو 100 گەنجدا. هەروەها رێژەی ئەو گەنجانەی خاوەنی لانیکەم سێ هاوڕێی نزیکن لە 85%ـەوە بۆ 72% دابەزیوە، هاوکات رەزامەندی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو مێرمنداڵاندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش دەرخەری هەستێکی قووڵی دابڕانە لە هاوتەمەنەکانیان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگە.

توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم قەیرانە تەنیا بەهۆی بەکارهێنانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە لێکەوتەکانی پەتا، سیاسەتی دەستپێوەگرتنی ئابووری و کەمبوونەوەی ئەو شوێنە گشتییە بێبەرامبەرانەی کە دەرفەتی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆیان بە گەنجان دەبەخشی.

بەپێی داتاکانی دەستەی پەیوەندییەکانی بەریتانیا (Ofcom)، مێرمنداڵانی تەمەن 15 بۆ 17 ساڵ رۆژانە نزیکەی شەش کاتژمێر و نیو لە ئینتەرنێتدا بەسەر دەبەن، بەتایبەت لە پلاتفۆرمەکانی یوتیوب، تیک تۆک، ئینستاگرام و سناپچات، کە زۆربەی کاتەکانیان بە گەڕانی بەردەوام بەدوای بابەتە نەرێنییەکاندا (doomscrolling) بەفیڕۆ دەچێت و ئەمەش دەرفەتی دروستکردنی پەیوەندیی راستەقینەی لەناوبردووە.

ئەم دۆخە نالەبارەی هاوڕێیەتی لەگەڵ تەشەنەسەندنی کێشە دەروونییەکاندا یەکیگرتووەتەوە؛ بە جۆرێک 47%ـی کچان و 36%ـی کوڕانی تەمەن 16 بۆ 24 ساڵ گەیشتوونەتە ئاستی توندی گوشاری دەروونی، و رێژەی ئەو گەنجانەی باری دەروونییان رێگر بووە لە بەڕێوەبردنی کارەکانیان لە 4.1%ـەوە بۆ 16.8% بەرز بووەتەوە.

توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە گرانیی بژێوی و نرخی نیشتەجێبوون و کەمبوونەوەی دەرفەتی کار پرۆسەی پێگەیشتنی گەنجانی سەخت کردووە، هەربۆیە داوا لە حکوومەت دەکەن بە پلانێکی گشتگیر لە کەرتی پەروەردە، کار و نیشتەجێبووندا شوێن و دەرفەتی گونجاو بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندییە مرۆیییە راستەقینەکان بڕەخسێنێتەوە.