ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەوروپی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەن
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە بڕیارێک پەسەند بکەن بە مەبەستی رەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمەش دەبێتە یەکەمین هەنگاوی لەو شێوەیە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە لە زاری چەندین دیپلۆماتکار و دەقی رەشنووسی پڕۆژەبڕیارەکەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم بڕیارەدا، دەبێتە تەواوکەری بڕیارێکی دیکە کە لە 12ی حوزەیرانی 2025 دەرچووبوو، کە تێیدا جەخت کرابووەوە لەسەر ئەوەی ئێران بەهۆی هاوکاری نەکردنی تەواو لە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی شوێنەواری یۆرانیۆم لە پێگە رانەگەیەندراوەکاندا، پابەندبوونەکانی خۆی لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی پێشێل کردووە.
لەو رۆژە دوای ئەو بڕیارە، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و کەمێک دواتریش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداری هێرشەکانی کرد، بە شێوەیەک کە دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی تاران بە تەواوی وێران کران یان زیانی زۆر قورسیان پێگەیشت.
لە دوای ئەو بۆردومانانەوە، ئێران رێگەی بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نەداوە بگەڕێنەوە بۆ ئەو پێگانەی بۆردوومان کراون، هەروەها رێگری کردووە لە پشتڕاستکردنەوە و پشکنینی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە لە کۆگاکانیدا ماوەتەوە، بەتایبەت ئەو بەشەی کە بە رێژەی 60% پیتێنراوە، کە ئاستێکی زۆر نزیکە لەو رێژەیەی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی پێویستە.
دەرکردنی بڕیار لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسەکەوە کە لە 35 وڵات پێکهاتووە بۆ رەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، دەبێتە لووتکەی ناکۆکییەکان لەسەر پرسی دەستڕاگەیشتنی پشکنەران، دوای ئەوەی لە ساڵی رابردووشدا ئەنجوومەنەکە دوو بڕیاری دەرکردبوو کە داوای لە ئێران دەکرد بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی ئاشکرا بکات و دەسەڵاتی تەواو بداتە پشکنەران بۆ چاودێریکردنی.
لە دەقی رەشنووسی نوێترین بڕیارەکەدا کە ڕۆیتەرز بینیویەتی هاتووە: "ئەنجوومەنی پارێزگاران داوا لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکات کە ئەم رەشنووسە و سەرجەم بڕیارەکانی پێشوو بگوازێتەوە بۆ هەموو دەوڵەتانی ئەندام لە ئاژانسەکە، هەروەها بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان."
هەروەها بڕیارەکە داواکارییەکانی لە ئێران نوێ دەکاتەوە تا بە زووترین کات چارەسەری پابەندنەبوونەکانی بە رێککەوتننامەی گەرەنتییەکان بکات و سەرجەم ئەو هەنگاوانە بنێت کە ئاژانس بە پێویستی دەزانێت، بۆ ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی بتوانێت دڵنیایی پێویست بدات لەبارەی دروستی و تەواوی زانیارییەکانی ئێران.
دیپلۆماتکاران ئاماژەیان بەوە کردووە، رەشنووسەکە تا ئێستا بە فەرمی پێشکەش نەکراوە و دانوستان لەسەر دەستەواژە وردەکانی بەردەوامە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا هەر کاتێک ئەم چوار وڵاتە رەشنووسیان پێشکەش کردبێت، پەسەند کراوە.
سەرەڕای ئەم هەنگاوە، دوورە لە راستییەوە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بتوانێت رێکاری کرداری و سزای توند لە دژی ئێران بگرێتە بەر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی رووسیا و چین وەک دوو هاوپەیمانی سەرەکیی تاران ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنەکەن و مافی ڤیتۆیان هەیە.
ئێران لە رابردوودا زۆرجار وەڵامی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بە فراوانکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی یان کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە دەدایەوە، بەڵام ئێستا بژاردەکانی تاران بۆ هەردوو هەنگاوەکە زۆر سنووردارن. هەرچەندە ئێران وەک ئەندامێکی پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی جەخت دەکاتەوە کە مافی پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆمی هەیە بۆ مەبەستی ئاشتییانە و هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت، بەڵام ئێران تاکە وڵاتی جیهانە کە بەبێ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی یۆرانیۆم بە رێژەی 60% دەپیتێنێت.
ئاژانسی ئەتۆم مەزەندە دەکات کە ئێران پێش بۆردوومانکردنی دامەزراوەکانی، خاوەنی 440.9 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە بەو ئاستە، کە بەپێی پێوەرە فەرمییەکان لە ئەگەری پیتاندنی زیاتردا بەشی دروستکردنی 10 چەکی ئەتۆمیی تەواو دەکات.