لە ئەنجامی هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان 26 کەس بوونە قوربانی

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە ئامارێکی سەرەتاییدا و لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی وڵات، 3 کەس کوژران و 23 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێریە ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئێوارەی هەینی زنجیرەیەک هێرشی چڕیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی جیاواز لە باشووری لوبنان.

لە بەرامبەردا، ئایلا واوییە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە درۆنیک بخەنە خوارەوە کە لەلایەن حزبوڵڵاوە ئاراستەی ئەو هێزانەی ئیسرائیل کرابوو کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ناو خاکی لوبنان بڵاوەیان پێکراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر باشووری لوبنان وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو هەوڵەی حزبوڵڵا.

ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان بڵاویکردەوە، یەکێک لە هێرشەکان خانووێکی لە شارۆچکەی رەمادیە لە قەزای سوور کردووەتە ئامانج و چەندین برینداری لێکەوتووەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، فڕۆکە جەنگییەکان لە دوو قۆناخدا دەوروبەری گردی دەبشە لە جەبهەی نەبەتیەی سەروو و گەڕەکی روەیسیان لە قەراخ شاری نەبەتیە بۆردومان کردووە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، سوپای ئیسرائیل تەقینەوەیەکی گەورەی لە ناو شارۆچکەی زۆتەری ۆژهەڵات ئەنجامداوە، لە کاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری و ئەمبوڵانسەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکان بۆ گواستنەوەی قوربانییەکان.

جێگەی ئاماژەیە، سەرەڕای هەبوونی ڕێککەوتن لە نێوان هەردوولادا، ئیسرائیل هێشتا بەشێک لە خاکی باشووری لوبنانی لەژێر دەستدایە و بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی تەقاندنەوەی ئەو شوێنانەی کە دەڵێت بنکەی سەربازی حزبوڵان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی بەیروت بەردەوام سەرکۆنەی ئەو کارانە دەکات.