نیویۆرک تایمز: ئێران ستراتیژی "ماندووکردنی ئەمریکا" پەیڕەو دەکات

نیویۆرک تایمز: ئێران متمانەی بە هێزی سەربازی خۆی زیاد کردووە

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردووەتەوە، ئێران متمانەیەکی زیاتری بە تواناکانی خۆی پەیدا کردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

راپۆرتەکان ئاماژە دەکەن، تاران پێداگرە لەسەر درێژەدان بە ململانێکان بۆ چەندین مانگی دیکە، بە ئامانجی ماندووکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پەکخستنی هەوڵەکانی لە ناوچەکەدا.

هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان نیشانی دەدەن، حکوومەتی ئێران، دوای ماوەیەک لە جەنگی ناوبەناو، تێگەیشتنێکی باشتری بۆ خاڵە بەهێزەکانی خۆی پەیدا کردووە. لەم دواییانەدا تاران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و هێزەکانی ئەمریکا چڕ کردووەتەوە. شارەزایان پێیان وایە کە گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییانە ئێستا زۆر قورسە، چونکە تاران هیچ ئامادەییەکی بۆ گفتوگۆ نیشان نەداوە.

راپۆرتەکان تیشک دەخەنە سەر ئەوەی هاوکەرە ئێرانییەکان لە پشت هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئەم دواییانەی سەر سیستەمی ئاوی ویلایەتە یەکگرتووەکان بوون. هەرچەندە ئەم هێرشانە نەبوونەتە هۆی ژەهراویکردنی ئاو، بەڵام بوونەتە هۆی پەککەوتنی سیستەمەکان لە هەندێک ناوچە و ناچارکردنی خەڵک بۆ بەکارهێنانی ترومپای ئاو. هەروەها مەترسی هەیە لە داهاتوودا ژێرخانی نەوت و گازی ئەمریکاش بکرێنە ئامانج.

بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە ئێران دەیەوێت جەنگەکە تا کاتی هەڵبژاردنە نیوەییەکانی ئەمریکا درێژ بکاتەوە. تاران وا دەبینێت کە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بەردەوامیی جەنگ، فشارێکی سیاسی گەورە دەخاتە سەر سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و پارتی کۆماری، ئەمەش وەک کارتێکی فشار بۆ لاوازکردنی پێگەی ترەمپ بەکاردەهێنێت.

جایسۆن کرۆ، ئەندامی لیژنەی هەواڵگری لە کۆنگرێسی ئەمریکا، رایگەیاندووە؛ سەرکردایەتی ئێران ئێستا یەکگرتووترە لە جاران و دەنگی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی کپ کراوە. کرۆ دەڵێت: "ئێرانییەکان متمانەیەکی زۆریان بە پێگەی خۆیان هەیە؛ ئەوان دەزانن کە دەتوانن بەرگەی لێدانە سەربازییەکان بگرن و خەریکی یارییەکی زۆر درێژخایەنن لەگەڵ ئەمریکا."

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ هێشتا بڕوای وایە کە فشارە ئابوورییەکان دەبنە هۆی پاشەکشەی ئێران لە گەرووی هورمز و بەرنامە ئەتۆمییەکەی. بەڵام جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دانی بەوەدا نا کە تاران بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ تێکدانی ژیانی ئاسایی ئەمریکییەکان، هەرچەندە ویستی وای پیشان بدات کە تواناکانی ئێران بۆ زیانگەیاندنی گەورە سنووردارن.