کۆشکی سپی تاوتوێی جێگرەوەیەک بۆ جێگری وەزیری جەنگی ئەمریکا دەکات
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی سەرقاڵی تاوتوێکردنی چەند بەربژێرێکی ئەگەرییە بۆ شوێگرتنەوەی ستیڤ فاینبێرگ، جێگری وەزیری جەنگی ئەمریکا پیت هێگسێت و پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاریی زیاتر لە نێو بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆندا رووبدات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان کردووە، پرۆسەی گەڕان بەدوای جێگرەوەیەکدا لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە دەستی پێکردووە. لەو چوارچێوەیەدا، کۆشکی سپی پەیوەندی بە چەند ئەندامێکی دیاری ئەنجوومەنی پیرانەوە کردووە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا پشتگیریی پێویست بۆ بەربژێرە نوێیەکان هەیە یان نا. پرۆسەی پێداچوونەوە بە ناوەکان تا کۆتایی مانگی ئابی رابردوو بەردەوام بووە، هەرچەندە تائێستا بڕیارێکی فەرمی بۆ دوورخستنەوەی فاینبێرگ لە پۆستەکەی نەدراوە.
لە لایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی و پێنتاگۆن بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەنەوە. ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند؛ ئەو سەرچاوە نەناسراوانە نازانن باسی چی دەکەن و دووپاتی کردەوە، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پێزانینی زۆری بۆ کارەکانی هیگسێت، فاینبێرگ و تەواوی ستافی وەزارەتی جەنگی هەیە.
هەروەها پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا بۆ رۆیتەرز گوتی: "فاینبێرگ پشتگیری تەواوی منی هەیە و لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە." هیگسێت ستایشی رۆڵی جێگرەکەی کرد لە دووبارە بنیاتنانەوەی بنکەی پیشەسازیی بەرگری و دابینکردنی پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکان.
ئەگەر فاینبێرگ پۆستەکەی جێبهێڵێت، دەبێتە گەورەترین گۆڕانکاری لە وەزارەتی جەنگی لەوەتەی دەستبەکاربوونی هیگسێت. ئەمەش لە مانگەکانی رابردوودا چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی، لەوانە وەزیری سوپا دان دریسکۆڵ و وەزیری هێزی دەریایی جۆن فێلان، پۆستەکانیان بەجێهێشتووە.
ستیڤ فاینبێرگ لە پۆستەکەیدا جەختی لەسەر خێراکردنی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی کردووەتەوە، بەڵام شارەزایانی کەرتی پیشەسازی دەڵێن؛ سستیی کۆنگرێس لە پەسەندکردنی بودجەدا بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو پلانانەدا.