نیویۆرک تایمز: ئەفسەرانی پێنتاگۆن دەخرێنە ژێر تاقیکردنەوەی "ئاشکرا کردنی درۆ"
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، نزیکەی 50 ئەفسەر و فەرمانبەری دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا فەرمانیان پێدراوە بخرێنە ژێر تاقیکردنەوەی ئامێری ئاشکرا کردنی درۆ، ئەوەش لە دوای دزەکردنی چەند زانیارییەکی هەستیار بۆ ناو دەزگاکانی راگەیاندن.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، تاقیکردنەوەکان هەم کارمەندە سەربازییەکان و هەم فەرمانبەرە شارستانییەکانی گرتووەتەوە. لە کاتی لێپرسینەوەکاندا، پرسیاری ئەوەیان لێ کراوە کە ئایا ئەوان زانیاری نهێنییان سەبارەت بە کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی ئەمریکا داوە بە رۆژنامەنووسان یاخود نا.
ئەم رێکارانە لە مانگی ئابی رابردوودا ئەنجام دراون، دوای ئەوەی وردەکاریی ورد لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە سەبارەت بە دۆخی کۆگاکانی چەک، بەتایبەتی مووشەکە بەرگرییەکانی جۆری پاتریۆت.
شۆن بارنێڵ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن)، رایگەیاندووە؛ وەزارەتەکەیان لێدوان لەسەر لێکۆڵینەوە ناوخۆییەکان و کاروباری کارمەندان نادات، جەختی کردەوە: "پنتاگۆن بە جددییەتێکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ دزەپێکردنی هەر زانیارییەکی نهێنی دەکات کە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەبێت و لێکۆڵینەوەی وردیان تێدا دەکات."
زیاتر لە مانگێکە واشنتن بەدەست کەمییەکی زۆری مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە گرفتارە، بەتایبەتی سیستمەکانی پاتریۆت و تاد. ئەمەش دوای ئەوەی کە بڕێکی زۆر لەو مووشەکانە لە جەنگ و ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رووبەرووبوونەوەکانی پەیوەست بە ئێران بەکارهێنراون و کۆگاکانیان بەرەو خاڵیبوون دەچن.
لەلایەکی دیکەوە، گۆڤاری ناشناڵ ئینترێست لە راپۆرتێکدا ئاماژەی کردووە، سوپای ئەمریکا بەهۆی کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووەوە لاواز بووە، لەوانە: دابەزینی ئاستی کۆگای مووشەکە بەرگرییەکان، قەیرانی وەرگرتنی سەربازی نوێ، و کێشەکانی پەیوەست بە زنجیرەی دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکان.