وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئابووریی ئێران بەرەو داڕمان دەچێت

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: تاران تەنیا 5 مانگی لەبەردەم ماوە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکی شیکاریدا هۆشداری لە داڕمانی نزیکی ئابووریی ئێران دەدات و رایدەگەیەنێت فشارە ئابوورییەکانی واشنتن گەیشتوونەتە لووتکە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، کەرتی نەوتی ئێران کە شا دەماری ئابووری ئەو وڵاتەیە، بەهۆی گەمارۆ توندەکانی ئەمریکاوە تووشی پەککەوتنی تەواوەتی هاتووە. ئاماژە بەوەش کراوە، لە مانگی تەممووزی رابردووەوە، هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو راوەستاوە، ئەمەش وەک نیشانەی سەرکەوتنی سیاسەتی فشاری زۆرینەی ئەمریکا لێکدەدرێت.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە، هەڕەشە بەردەوامەکانی تاران بۆ داخستنی گەرووی هورمز، نەک هەر نەبووەتە هۆی پاشەکشەی واشنتن، بەڵکو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هیچ فشارێکی لەسەر دروست نەبووە و سوورە لەسەر ئەوەی مل بۆ هیچ مەرجێکی پێشوەختەی تاران نەدات.

لە پەرەگرافێکی هەستیاری راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوە ناوخۆییەکانیاندا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە وڵاتەکەیان تەنیا توانای 5 مانگی تری هەیە لەژێر سایەی ئەم دۆخە خنكێنەرەدا خۆڕاگری بکات و دوای ئەوە ئابووری وڵاتەکە بەرەو قۆناخێکی نادیار دەچێت.

سەبارەت بە کاردانەوە ناوخۆییەکان، رۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت: "هەرچەندە ئابووری ئێران رۆژ بە رۆژ لاوازتر دەبێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی تاران هێشتا ئامادەکارییەکی زۆریان کردووە و توانایەکی فراوانی سەرکوتکردنیان پاراستووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی جەماوەری کە بەهۆی خراپی بژێوییەوە سەرهەڵبدات."

لەکۆتاییدا، راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، هەرچەندە کاتی کۆتاییهاتنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران روون نییە، بەڵام فشارەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە تاران لەبەردەم بژاردەی زۆر سەختدا جێهێشتووە.