باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا هۆشداریی دەدات
باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا رایگەیاند، سزادانی سێ بانکی تورکی لەلایەن واشنتنەوە بەهۆی پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بووە، جەختیشی لەوە کردەوە، ئەم هەنگاوە بە واتای سزادانی کەرتی بانکیی ئەو وڵاتە نایەت.
تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، لەبارەی بڕیاری سزادانی سێ بانک و دامەزراوەی دارایی تورکی لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، سزاکان تەنیا بۆ سەر چەند دامەزراوەیەکی دارایی تورکیان، نەک سزادانی هەموو کەرتی بانکیی ئەو وڵاتە.
باڵیۆزەکەی ئەمریکا گوتی، هەڵمەتی دروستکردنی گوشاری ئابووری بۆ سەر ئێران داخستنی ئەو شوێنانەش دەگرێتەوە، کە بۆ مەبەستی دەروازەی سپیکردنەوەی پارە بەکاردەهێنرێن. ئاماژەی بەوەش دا، ئەو رێکارانەی ئەمریکا دەیانگرێتەبەر لەپێناو روونیی دارایی جیهانیدایە.
هەروەها هۆشداریی دا و باسی لەوە کرد، هەڵەیە ئەگەر تورکیا ئەم سزدانە دژی خۆی ببینێت. ئەوەشی خستەڕوو، دڵنیان لەوەی ئەم سزادانە وەکوو پەڵەیەک بەسەر رێککەوتن و هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و تورکیاوە نابینرێت.
رۆژی هەینی رێکەوتی 4ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر بانکی وەبەرهێنانی (گۆڵدن گڵۆباڵ)ـی تورکی و دوو لقی دیکەی ئەو بانکەدا سەپاند، هۆکاری ئەمەش بۆ بوونی پەیوەندیی دارایی و گواستنەوەی پارە بۆ سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دەگەڕێتەوە.