بارەگای بارزانی کاتی بەخاکسپاردن و پرسەی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی راگەیاند
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سبەی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، پرسە و بەخاکسپاردنی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە بارزان بەرێوەدەچێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی مەراسیمی بەخاکسپاردن و پرسەی خوالێخۆشبوو (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی)، ئاگاداری جەماوەری خۆشەویستی کوردستان دەکەینەوە کە مەراسیمی بەخاکسپاردن و یەکەم ڕۆژی پرسەکە، ڕۆژی یەکشەممە 6ی ئەیلوولی 2026 لە بارزان بەڕێوە دەچێت.
هەروەها ڕۆژانی دووەم و سێیەمی پرسەی خوالێخۆشبوو، ڕۆژانی دووشەممە 7ی ئەیلوول و سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026 لە شارۆچکەی پیرمام بەڕێوە دەچێت.
إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ
بارەگای بارزانی
5ی ئەیلوولی 2026
دوێنێ هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026 سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا کۆچی دواییی برا گەورەی بنەماڵەکەیان، (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی)ی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، خوالێخۆشبێت نەوەی رێبەری نیشتمانی و ئایینی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی بووە و نموونەی دینداری، خوداپەرستی، چاکەخوازی و کەسایەتییەکی دیار و گەورەی ناو بنەماڵەکەیان بووە.