گۆڕان کۆنگرەیەکی نائاسایی دەبەستێت

لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان

بزووتنەوەی گۆڕان کۆنگرەیەکی نائاسایی دەبەستێت و تێیدا چارەنووسی پۆستی رێکخەری گشتی یەکلایی دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 05ـی ئەیلوولی 2026، بزووتنەوەی گۆڕان لە هۆڵی کوردساتی شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی نائاسایی دەبەستێت.

 کۆنگرەکە بە چاودێری و رەزامەندیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت و دەبێت لانیکەم 251 ئەندام تێیدا ئامادە بن.

ئامانجی سەرەکیی کۆنگرەکە لە دوو هەنگاو پێکدێت؛ سەرەتا دەنگدان لەسەر بەئەندامبوونی دانا ئەحمەد مەجید لە دەستەی گشتیی بزووتنەوەکە، پاشان هەڵبژاردنەوەی وەکوو رێکخەری گشتی بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبووان.

بەستنی ئەم کۆنگرەیە لە وەڵامی سکاڵای باڵی گردی زەرگەتەدایە، بەو پێیەی یاساییبوونی کۆنفرانسەکەی شوباتی کەرکووکیان لەسەر بنەمای نەبوونی ناوی دانا ئەحمەد مەجید لە دەستەی گشتیدا رەتدەکردەوە. 

سەرەڕای ئەوەش تاوەکوو ئێستا باڵی گردەکە نووسراوە نوێکەی کۆمیسیۆن بە نایاسایی دەزانن.

لە ماوەی رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان تووشی قەیرانێکی نێوخۆیی قووڵ بووەتەوە و دابەشبووە بەسەر دوو باڵی جیاوازدا، یەکێکیان بە باڵی گردی "زەرگەتە" ناسراوە، ئەوەی دیکەشیان بە باڵی "کوردسات" ناوبانگی دەرکردووە. 

لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێک لە شاری کەرکووک، دانا ئەحمەد مەجید وەکوو رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرا؛ بەڵام باڵی گردی زەرگەتە ئەو هەنگاوەیان رەتکردەوە و سکاڵایان لە کۆمیسیۆن تۆمار کرد، لەبەر ئەوەی پێیان وابوو ناوی ئەو لە نێو دەستەی گشتیی بزووتنەوەکەدا نییە.

 لە بەرانبەردا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ رێگرییەک نییە بۆ بەستنی کۆنگرە، بەڵام دەبێت سەرەتا لە کۆنگرەیەکی نائاساییدا دەنگ لەسەر زیادکردنی ناوی دانا ئەحمەد مەجید بدرێت بۆ نێو دەستەی گشتی، ئینجا بۆ پۆستی رێکخەری گشتی کاندید بکرێت. هەر بۆیە بزووتنەوەکە بڕیاری دا ئەم کۆنگرەیە ببەستێت بۆ ئەوەی رێکارەکان بە شێوەیەکی یاسایی جێبەجێ بکرێن.