نەوتهەڵگرێکی ئێران لە نزیک دوورگەی خارک کرایە ئامانج
ئەمڕۆ شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی لە نزیک دوورگەی خارک کراوەتە ئامانج. بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکە تەنیا کەشتییەکی بچووکی کردووەتە ئامانج و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
پێشتر میدیاکانی ئێران باسی بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەکیان لە نزیک دوورگەی خارک کردبوو، کە بەندەرە نەوتییە سەرەکییەکەی ئێرانە. ئەم رووداوە لە کاتێکدایە گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ ئەمریکا لە پەرەسەندندان. ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، پەیامنێرەکەیان دەنگی تەقینەوەکانی بیستووە، بەڵام هیچ دووکەڵێک نەبینراوە.
ئاژانسی هەواڵی نوور نیوز، سەر بە دەوڵەتە، بە پشتبەستن بە زانیاریی سەرچاوە خۆجێییەکان بڵاویکردەوە، دەنگۆی ئەوە هەیە کەشتییەکی ئێرانی لە نزیک خارک بە مووشەکێکی هێزەکانی ئەمریکا کرابێتە ئامانج، بەڵام ئەو زانیارییانە هێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە.
دوای مانگێک لە هێمنییەکی مامناوەند لەو جەنگەی 28ـی شوبات بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڵگیرسا، یەکشەممەی رابردوو گرژییە سەربازییەکان بە ئاڵوگۆڕی هێرشەکان گەڕانەوە. رێڕەوی دیپلۆماسی ئێستا بە بنبەست گەیشتووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر هەر جوڵەیەکی گوماناوی چاودێری بکەن، لەوانەیە بەم نزیکانە دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران لە چیای فاس بۆردومان بکەن. ترەمپ جەختیکردەوە گەرووی هورمز بە تەواوی لە مین پاککراوەتەوە و ئەو دۆخەی لە ئێران روودەدات بە ناکۆکیی سەربازی وەسفی کرد، نەک جەنگ.
شەوی هەینی، ترەمپ جەختیکردەوە جەنگی دژی ئێران بۆ ئەمریکا کارێکی سادەیە و تاران هەرگیز دەست بە چەکی ئەتۆمی ناگات. روونیکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان هێرشی پچڕپچڕ دەکات، بەڵام ئێستا لە جەنگدا نین.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا جەنگی ئێران کارێکی سادەیە لە کاتێکدا 19 سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەست داوە، ترەمپ بەراوردێکی لە نێوان جەنگی ئێران و جەنگەکانی وڵاتەکەیدا لە ڤێتنام یان ئەفغانستان کرد کە ساڵانێکی زۆریان خایاند. ترەمپ گوتی: "بە هەر ناوێک ناوی دەبەن با بیبەن، ئەمە گرنگ نییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە و رێگریمان لەوە کرد ئێران دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی".
ترەمپ روونیکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەکات و هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە کەشتی و نەوتهەڵگرەکان بەو گەرووەدا تێدەپەڕن.