ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی: چیتر پاساوێک بۆ بوونی گرووپی چەکداری لە عێراق نامێنێتەوە

ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی رایگەیاند، پاش کۆتاییهاتنی پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، هیچ پاساوێک بۆ ئەوە نامێنێتەوە سەرکردەیەکی سیاسی سەرۆکایەتیی گرووپێکی چەکداری بکات. ئەنجوومەنەکە جەختیکردەوە، کشاندنەوەی هێزە بیانییەکان سەروەریی تەواوی عێراق مسۆگەر دەکات.

عەلی دەفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە لە بەرنامەی عەلەنـی کەناڵی سۆمەرییە روونیکردەوە، کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە بەو مانایەیە پەیوەندیی نێوان سەرکردە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکان کۆتایی دێت، بەو مەرجەی سەرکردە مەیدانییەکان و چەکدارەکانیان لە چوارچێوەی پێکهاتەی حەشدی شەعبیدا کار بکەن.

دەفاعی روونیکردەوە، بەدیهێنانی سەروەریی تەواو و پاراستنی ئاسمان و خاک و بڕیاری نیشتمانی لەلایەن دەوڵەتەوە، چەکی گرووپەکان دەکاتە هێزێک بۆ دەوڵەت. دەفاعی گوتی: "ئیتر هیچ پاساوێک بۆ بوونی سەرکردەی گرووپێکی چەکداری نامێنێتەوە".

بە گوتەی دەفاعی، کەسایەتییە سیاسییەکە روو لە کاری سیاسی دەکات و سەرکردە مەیدانییەکەش لەگەڵ چەکدارەکانی لە حەشدی شەعبیدا دەمێنێتەوە، بەجۆرێک یاسای پێکهاتەکان رێکخستنی پلە و پێگە سەربازییەکان و یاسای خانەنشینیی تایبەت بە حەشد یەکلایی دەکاتەوە. دەفاعی جەختیکردەوە، بە تەواوبوونی ئەم مەرجانە دیاردەیەک نامێنێت بە ناوی گرووپە چەکدارەکان.

لە کۆتاییدا دەفاعی دووبارە جەختیکردەوە، کشاندنەوەی هێزە بیانییەکان سەروەریی تەواوی عێراق بەدی دەهێنێت.