عەممار حەکیم سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات
عەممار حەکیم سەرەخۆشیی لە سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی و هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵەکەیان دەربڕی.
ئەمڕۆ شەممە، 05ـی ئەیلوولی 2026، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق لە پەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، رایگەیاند، "بەشداریی خەم و پرسەی بنەماڵەی بەڕێزی بارزانی دەکەم، بەتایبەتی برای بەڕێزم سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، بۆ کۆچی دوایی برا گەورەی بنەماڵە، خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی".
عەممار حەکیم ئاماژەی بەوەش کردووە، "داواکارم لە خوای گەورە کۆچکردوو بخاتە بەر رەحمەتی فراوانی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات، هیوادارم خوای گەورە سەبووری و دڵنەوایی بە بنەماڵە و کەسوکاریان و گەلی خۆشەویستی کوردستان ببەخشێت."
رۆژی هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026 سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا کۆچی دواییی برا گەورەی بنەماڵەکەیان، (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی)ی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، خوالێخۆشبێت نەوەی رێبەری نیشتمانی و ئایینی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی بووە و نموونەی دینداری، خوداپەرستی، چاکەخوازی و کەسایەتییەکی دیار و گەورەی ناو بنەماڵەکەیان بووە.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، سبەی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، پرسە و بەخاکسپاردنی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە بارزان بەرێوەدەچێت.