نێردراوانی سەرۆکی ئەمریکا گەیشتنە مۆسکۆ
جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردراوانی سەرۆکی ئەمریکا گەیشتنە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بۆ تاوتوێکردنی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.
ئەمڕۆ شەممە، 05ـی ئەیلوولی 2026، جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتنە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا.
ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە، دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و بڕیارە لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببنەوە.
بڕیارە دوای مۆسکۆ، سبەی یەکشەممە، 06ـی ئەیلوول، هەردوو نێردراوەکەی ترەمپ بچنە کیێڤ و ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پووتین، بۆ ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بخەنەڕوو.
ئەمەش دەبێتە یەکەم سەردانی ویتکۆف و کوشنەر بۆ پایتەختی ئۆکرانیا لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی.
سەردانەکەی نێردراوانی ترەمپ بۆ مۆسکۆ و کیێڤ دوای 10 رۆژ دێت لە کۆبوونەوەی جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لەگەڵ سەرۆکی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی رووسیا.
پێگەی "ئەکسیۆس" بڵاویکردووەتەوە، راتکلیف لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا هەوڵیداوە بزانێت سەرۆکی دەزگا رووسییەکان تا چەند دەتوانن پووتین قایل بکەن بەرەو چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە هەنگاو بنێت.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە، 03ـی ئەیلوول، ویتکۆف و کوشنەر لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبونەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی سەردانە چاوەڕوانکراوەکە.
دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، بە نێوەندگیری ئیدارەی ترەمپ، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا و چەند رۆژێک پێش هەڵگیرسانی جەنگی دژی ئێران پەککەوت.