لە یەمەن زیاتر لە 60 کەس کوژران
ئەمڕۆ شەممە، 5ـی ئەیلولی 2026، سەرچاوەیەکی سەربازی و پزیشکی بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکوومەتی یەمەن و حووسییەکان لە پارێزگای تەعز، 63 کەس کوژراون، کە ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنییان تێدایە.
سێ سەرچاوەی سەربازیی حکوومەتی یەمەن روونیکردەوە، لە چەند کاتژمێری رابردوودا لە میانی بەرپەرچدانەوەی هێرشی حووسییەکان لە بەرەکانی مەقبەنە، چیای حەبەشی و بەرح لە رۆژئاوای تەعز، 26 سەرباز کوژراون.
هاوکات سەرچاوە پزیشکی و سەربازییەکانی نزیک لە حووسییەکان رایانگەیاند، 31 چەکداریان لەو پێکدادانانەدا کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی پزیشکی لە تەعز جەختیکردەوە، بەهۆی هێرشێکی مووشەکییەوە کە پاسێکی کردە ئامانج، شەش هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
ئێوارەی هەینی، سوپای یەمەن رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان زیاتر لە 15 هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگە، کۆبوونەوە و ئۆتۆمبێلی حووسییەکان لە بەرەکانی کەناراوەکانی رۆژئاوا لە پارێزگاکانی تەعز و حودەیدە.
ئەم پێکدادانانە لەکاتێکدایە کە هێزی گەورەی پشتیوانیی سەربازی لە لیواکانی عەمالیقە و دەرعی وەتەن گەیشتوونەتە دەوروبەری ناوچەکانی شەڕ، ئەوەش بەمەبەستی هاوکاریکردنی هێزە سەربازییەکان لە حودەیدە و تەعز.