وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد هۆشداری دەدات
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بۆ دروستکردنی گرتەی ڤیدیۆیی نەشیاو هۆشداری دا.
ئەمڕۆ شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، لیژنەی ناوەڕۆکی نەشیاو چاودێریی ئەوەی کردووە کە هەندێک کەسی خاوەن ئاستنزم، ژیری دەستکرد (Ai) بۆ بەرهەمهێنانی گرتەی ڤیدیۆیی نەشیاو بەکاردەهێنن، یان ئەو گرتانە بڵاودەکەنەوە کە وشە و ئاماژەی تێدایە و هیچ پەیوەندییەکیان بە کولتوور و رەوشتی کۆمەڵگەی عێراقییەوە نییە.
وەزارەتەکە جەختیکردەوە، یاسا رێکاری توند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، سزای توند بۆ ئەو کەسانە دیاری دەکات.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆ داوای لە هاووڵاتییان کرد، هاوکاریی کارا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بکەن، هەر کەسێک ئەو جۆرە ئەکاونت و ناوەڕۆکانە دەبینێت کە زیان بە بەها گشتییەکان دەگەیەنن، پێویستە لە رێگەی سەکۆی "بەلغ" لە ماڵپەڕی "عەین عێراق" سکاڵا تۆمار بکات.
وەزارەتی ناوخۆ دڵنیایی دا، سەرجەم سکاڵاکان بە نهێنیی توند مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و رێزگرتن لە هەستی گشتی.